هێرشەکانی ئەمریکا بوونە هۆی کوژرانی "چەکدارێک و برینداربوونی 24 چەکدار و سەربازی دیکە"
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی گرووپە چەکدارەکان کوژرانی چەکدارێک و برینداربوونی 24ـی چەکدار و سەربازی دیکەی لێکەوتووەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2023، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، چەکدارێکی حەشدی شەعبی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا لە حلەی ناوەندی پارێزگای بابل کوژراوە.
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی 20 کەسی دیکە کە هەشتیان ئەندامی هێزە چەکدارەکانی عێراقن. هاوکات، چوار چەکداریش لە پارێزگای واست لە باشووری عێراق بریندار بوون.
پێشتر بەرپرسانی سوپای ئەمریکا رایانگەیاند، لە تۆڵەی برینداربوونی سێ سەربازی ئەمریکی لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، ئەمریکا هێرشی ئاسمانی کردە سەر سێ بنکە و بارەگاکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا.
بە گوتەی مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لەسەر فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، سوپای ئەو وڵاتە کاژێر 4:45ـی بەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە، 26-12-2023) بە کاتی هەولێر، ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کراونەتە سەر سێ شوێنی سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکە، کە چاوەڕوان دەکرێت "ژمارەیەک چەکداری کەتائیبی حیزبوڵڵای تێدا کوژرابن."
ئەوە لەکاتێکدایە دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریکی برینداربوون، کە برینی یەکێکیان سەختە.
رۆژی سێشەممە، لە بارەی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر کەتائیبی حیزبوڵڵا، مایکڵ کوریلا گوتی "ئامانج لەم هێرشە ئاسمانییانە لێپرسینەوەیە لەو لایەنانەی بەرپرسیاری راستەوخۆی هێرشەکانی سەر هێزەکانی هاوپەیمانن لە عێراق و سووریا، بۆ ئەوەی توانای هێرشبردنیان لاواز بکەین. ئێمە هەمیشە هێزەکانمان دەپارێزین."
لە بارەی سەربازە بریندارەکانی وڵاتەکەی، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی "نزام بۆ ئەو ئەمریکییە قارەمانانەیە، کە برینداربوون."
ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هێرشی سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا لە هەولێر ئاگادارکراوەتەوە و ئەویش فەرمانی بە پێنتاگۆن کردووە ئامادەکاری بکەن بۆ وەڵامدانەوە دژی ئەو لایەنانەی بەرپرسن.
ئەدریێن واتسن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی "سەرۆک هیچ شتێک لە سەرووی پاراستنی هێزە ئەمریکییەکانەوە دانانێت، کە لەژێر مەترسیدا خزمەت دەکەن. ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن، ئەمریکا لە کات و بە رێگەی هەڵبژێردراوی خۆی هەنگاو دەنێت."
لەو کاتەوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، هێزەکانی ئەمریکا لانیکەم 100 جار لە عێراق و سووریا بە درۆن و مووشەک هێرشیان کراوەتە سەر.
هەر لەم مانگەدا، لە هەڵچوونێکی گەورەی گرژییەکاندا، بۆ یەکەمین جار دوای ساڵێک، هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
ئەم گرژیانەی ئێستاش کەمتر لە هەفتەیەک دوای ئەوە دێن؛ ئۆستن لە سەردانێکی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەڕایەوە، کە ئامانج لێی رێگریکردن بوو لە هەوڵەکانی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ ئەوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل فراوانتر نەکەن.