پەرلەمانی عێراق لەبارەی بودجە کۆدەبێتەوە؛ نەوتی کوردستان پرسێکی گەرمە

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و هەمواری یاسای بودجە یەکێکە لە بڕگەکان. هەموارەکە مادەی 12ـی یاساکە لە خۆدەگرێت، کە تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستان. 
 
بڕیارە کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (سێشەممە، 26-11-2024)، پەرلەمانی عێراق یەکەمین کۆبوونەوە بەسەرۆکایەتیی مەحموود مەشهەدانی بکات.
 
سرووە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمە بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی سێ ساڵە (2023-2024-2025).
 
بەگوتەی سرووە محەممەد، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هەموارکردنی مادەی 12ـی یاسای بودجە رێککەوتوون، کە تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستان. چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمان دوای خوێندنەوەی یەکەم و دووەم، هەموارەکە پەسند بکات و دواتر جێبەجێ بکرێت.  
 
رۆژی 5ـی تشرینی دووەمی2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەمواری مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق پەسندکرد و 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە.
 
بڕگەی یەکەم باس لەوە دەکات؛ وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەرجێک نەوتەکەی رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق - سۆمۆ یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بکات.
 
لە بڕگەکانی پێشنیازی هەموارەکەدا هاتووە، شایستە داراییەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەلایەن دامەزراوەیێکی راوێژکاریی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند کە دڵخوازی وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بێت، دیاری بکرێن.
 
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان لە 25-3-2023ـەوە راگیراوە، تاوەکو ئێستا عێراق و تورکیا ئەوەیان راگەیاندووە؛ لارییان لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت نییە، بەڵام کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت کێشەیان لە کەمیی ئەو نرخەی بۆ تێچووی دەرهێنان و هەناردەکردن دانرابوو، هەبوو. 
 
بڕگەکانی دیکەی دانیشتنەکەی پەرلەمان، بریتین لە: دەنگدا بە پڕۆژەیاسای پەسندکردن رێککەوتنی خزمەتگوزاریی گواستنەوەی ئاسمانیی نێوان عێراق و رووسیا. خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای رێکخستنی مافی قوربانیانی نەخۆشخانەی ئیبن سینا، قوربانیانی سەنتەری نەقا و قوربانیانی رووداوەکەی حەمدانییە. خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری پێنجەمی یاسای فڕۆکەوانی. خوێندنەوەی دووەم، بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بەرگریی شارستانی.