سوودانى پاڵپشتیی ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق پاڵپشتى ئەنجامدانی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکات و پێشوازیشی کرد لە بڕیارى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بۆ دیاریکردنى رۆژى هەڵبژاردن لە مانگى تشرینى یەکەمى داهاتوو.
 
ئەو هەڵوێستەى محەممەد شیاع سوودانى لە راگەیێندراوێکدا بوو کە باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراقى بڵاویکردەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "حکومەتى فیدراڵى بەهەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ پاڵپشتی پێویستییەکانى سەرکەوتنى ئەو پرۆسەى هەڵبژاردنە و هەموو هەوڵێک کە ببێتە هۆى بەشداریى گەلى کورد و پێکهاتەکانى دیکە لە هەرێمى کوردستان زیاد بکات، تاوەکو ئەنجامى ئەو پرۆسەى هەڵبژاردنە گوزارشتکارێکى راستەقینە بێت لە ویستى گەلەکەمان لە هەرێمى کورستان."
 
رۆژی چوارشەممە، 26ى حوزەیرانى 2024 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 
باسم عەوادى رایگەیاندووە، "حکومەتى فیدراڵى جەخت لەسەر پاڵپشتى دەکاتەوە بۆ هەوڵەکانى چالاککردنى دیالۆگى نیشتمانى لە نێوان سەرجەم هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان لە هەرێمى کوردستان و هەموو ئەو رەوتانەى تێدەکۆشن بۆ کارکردنى هاوبەش لە ژێر چەترى یاسا و دەستوور و ناسنامەى نیشتمانى عێراق، ئەویش لە رێگەى بەشداریکردنێکى ئەرێنیانە لە بنیاتنانى دیموکراسی و پتەوکردنى ئاشتى کۆمەڵگەیی لە هەرێمى کوردستان."
 
ئەمە لەکاتێکدایە جگە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، زۆربەی لایەنە سیاسەکانی هەرێمی کوردستان، یۆنامی، کۆنسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان پێشوازیان لەو هەنگاوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە.