بەڕێوەبەری کشتوکاڵی واست: نەخۆشی لەنێو کێڵگەکانی خورما بڵاوبووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای واست رایدەگەیێنێت، ساڵانە لە پارێزگای واست 150 هەزار تۆن خورما بەرهەمدێت و دەشڵێت، نەخۆشی لە کێڵگەکانی خورما بڵاوبووەتەوە.
 
ئەرکان مریوش، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای واست بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت، نەخۆشی زۆر لە دارخورماکانی واستی داوە، لەگەڵ ئەوەی ساڵانە وەزارەتی کشتوکاڵ بێ بەرامبەر هەڵمەتی لەنێوبردنی ئەو نەخۆشییانەی کردووە، بەڵام ئەمساڵ نەبوونی رشاندنی لە ئاسمان و دواکەوتنی پرۆسەکە، نەخۆشی لە کێڵگەکانی خورما زیاترکردووە. 
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای واست دەشڵێت، بەهۆی ئەو نەخۆشییانەوە، خاوەن کێڵگەکانی خورما ساڵانە زیانێکی زۆریان بەردەکەوێت، بە تێکڕاش لە پارێزگاکە ساڵانە نزیکەی 150 هەزار تۆن خورما بەرهەمدەهێنرێت. 
 
ئەرکان مریوش، ئاماژەی بەوە کرد، بە بازاڕکردنی خورما کارێکی سەختە، پێشتر وەزارەتی کشتوکاڵ خورمای لە جووتیاران وەردەگرت، بەڵام دواتر وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاریدا دەوڵەت خورما وەرنەگرێت و لە بازاڕەکانی نێوخۆیی ساخبکرێنەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمی خورما هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا لە پارێزگای واست رووبەری کێڵگەکانی خورما نزیکەی 60 هەزار دۆنم زەوی دەبێت، زۆربەی کێڵگەکانی خورما لە پارێزگاکەدا دەکەونە ناوچەکانی سوێرە، عەزیزییە، حەفرییە و زبێدییە و نوعمانییە. 
 
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵی 2021 عێراق نزیکەی ملیۆنێک تۆن خورمای بەرهەمهێناوە، بەراورد بە ساڵی 2020 نزیکەی 30٪ بەرهەمهێنان زیادیکردووە، 600 هەزار تۆن خورمای هەناردەی کرد، کە بەراورد بە ساڵی 2019، هەناردە نزیکەی 70٪ زیادی کرد.