محەممەد جەواد زەریف: ئێران هاوکاری عێراق دەکات و عێراقێکی سەقامگیری دەوێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عێراق سیاسەتی کرانەوە پەیڕەو دەکات و هەوڵ دەدات رۆڵێکی ئەرێنیی هەبێت بۆ لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکان.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە لە بەغدا محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و محەممەد جەواد زەریف کۆبوونەوە. لە دیدارەکەدا تاوتوێی پەیوەندیی دۆستانە و پتەوکردنی ئاسۆی هاریکاریی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ کرا لەگەڵ دوا پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەکرد، کە عێراق سیاسەتی کرانەوە پەیڕەو دەکات لەگەڵ بنیاتنانی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ چواردەورە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، پەرلەمانی عێراقیش پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەت دەکات لەو بوارەدا و جەختیکردەوە کە سەقامگیریی عێراق رەنگدانەوەی دەبێت بۆ سەر داروسێکانی و ناوچەکە.
لای خۆیەوە زەریف دووپاتیکردەوە لەسەر خواستی وڵاتەکەی بۆ هاریکاری لەگەڵ عێراق لە سەرجەم بوارەکان و هەوڵەکان لە پێناو عێراقێکی سەقامگیر.
هاوکات سڵاو و سەرەخۆشی حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئەنجوومەنی شورای پێگەیاند لە بەرامبەر کارەساتی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب، لە بەرامبەردا سەرۆکی پەرلەمان لە رێگەی وەزیری دەرەوە سڵاوی بۆ حەسەن رووحانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی شورا نارد هیوای سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی ئێران خواست.
سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق لە چوارچێوەی گەشتێکی هات، کە دوێنێ یەکشەممە بە سەردانیکردنی قەتەر دەستیپێکرد، سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ قەتەر محەممەد جەواد زەریف لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند "گفتوگۆی زۆر باشم لەگەڵ برام میری قەتەردا کرد سەبارەت بە فراوانکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و زیاترکردنی هەماهەنگیی نێوانمان لە پرسە هەرێمی و جیهانییەکان، دەستپێشخەریی هیوا پەیڕەوی ئێرانە لە ناوچەکەدا، دراوسێکان بۆ ئێمە لەپێشینەن".
دوای سەردانەکەی بۆ قەتەر و بەغدا، بڕیارە سبەینێ سێشەممە 27ی نیسان وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی هەولێر بکات. پێشتر سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای سەردانەکەی بەغدا، بڕیارە رۆژی سێشەممە 27ـی نیسانی 2021 محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی هەرێمی کوردستان بکات".