بەهۆی خراپیی کەشوهەوا لە عێراق پشووی فەرمییە

رووداو دیجیتاڵ
 
شەپۆلێکی با و بارانی بەلێزمە، ژمارەیەک پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراقی گرتەوە و زیانی مادی زۆری لێکەوتووەتەوە. بەهۆی نالەباریی کەشوهەواش رۆژی دووشەممە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق پشووی فەرمی راگەیەنرا.
 
ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەهۆی خراپی کەشوهەوا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا رۆژی دووشەممە 27-03-2023، لە دامودەزگاکاندا پشووی فەرمی بێت، جگە لە دامودەزگا ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان". 
 
محەممەد کەمال، پێشبینیکاری کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان یەکشەممە 26-03-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەم شەپۆلە بەهۆی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاستەوە لەگەڵ هاتنی شێیەک لە ئوردنەوە درستبووە، کاریگەرییەکانی لەمڕۆ یەکشەممەوە دەستیپێکردووە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو رۆژی سێشەممە بەردەوام بێت. بەڵام چەقی شەپۆلەکە دەکەوێتە ئەمشەو، تاوەکو نیوەڕۆی سبەی دووشەممە. دواتر بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات و پلەی گەرما نزیکەی 5 پلە نزم دەبێتەوە".
 
محەممەد کەمال، ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەری هەڵکردنی بایەکی چالاک هەیە. هەندێک لە هەورەکان نزم و بەهێزن و تەرزەیان لەگەڵدایە، وێڕای چالاکیی با، ئەمە هەر لە خانەقین تاوەکو زاخۆ دەگرێتەوە. بەتایبەتی کاریگەری هەیە بۆسەر ناوچەکانی گەرمیان و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و دەروبەری کەرکووک و هەولێر و سۆران. لە هەندێک شوێن ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.
 
واسق سەلامی، شارەزای کەشناسی عێراقی رایگەیاند، لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەیەکی فراوانی عێراقی گرتووەتەوە، بەتایبەتی لە فوراتی نێوەڕاست و باشوور، کاریگەرییەکەی تاوەکو بەیانیی دووشەممە بەردەوام دەبێت. 
 
واسق سەلامی دەڵێ: ئەو شەپۆلە بارانبارینە، باهۆز و برووسکی لەگەڵدایە و پارێزگاکانی باکووریشی گرتووەتەوە، بەڵام کاریگەرییەکەی زیاتر بەسەر ناوچەکانی فوراتی نێوەڕاست و باشوور دیارە. 
 
ئەحمەد عیساوی، ئەندامی یەکێتی کۆمەڵەی جووتیارانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 26-03-2023 رایگەیاندبوو، تەرزەیەکی زۆر لە قەزای مشخاب لە پارێزگای نەجەف باریوە کە زیانێکی گەورەی بە جووتیارانی قەزاکە گەیاندووە.
 
 
بە گوتەی ئەندامەکەی یەکێتی کۆمەڵەی جووتیاران، تەرزەکە وێرانکەر بووە، زیانی بە سەرووی 30 هەزار دۆنم زەوی گەیاندووە. زیانە مادییە سەرەتاییەکانیش بە زیاتر لە 2 ملیار دینار دەخەمڵێنرێت، بۆیە داوا دەکەن قەرەبووی ئەو جووتیارانە بکرێتەوە کە زیانیان بەرکەوتووە.
 
هەروەها ئاو چووەتە هۆڵی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف، بەپێی دیمەنێکی ڤیدیۆیی ئاو لە بنمیچی هۆڵەکەوە دێتەخوارەوە و دەڕژێتە نێو هۆڵەکەوە. هەر لە نەجەف ئاوی زۆر لە شەقامەکان کۆبووەتەوە لەوانە لە گەڕەکی ئەمیر، ناوچە و گەڕەکەکانی کوفە ئاو چووەتە ماڵەکان و ئۆتۆمبێلەکان ژێرئاو کەوتوون.
 
بەپێی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە لە پارێزگای دیوانییە، بەهێزیی تەرزە و بارانەک بەشێوەیەک بووە، جامی ئۆتۆمبێلی شکاندووە. لە ناوچەی ئەعزەمییەی شاری بەغدا، ستوونی رووناکی خستووە، هەروەها لە کۆرنیشی کازمییەی شاری بەغداش پەرژینە بە پلێت دروستکراوەکانی خستووە.