گوتەبێژى خاچى سوور بۆ رووداو: عێراق و ئێران 62 رووفاتیان گۆڕییەوە

26-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژى لیژنەى نێودەوڵەتیی خاچى سوور لە عێراق رایگەیاند، ئێران و عێراق 62 رووفاتیان گۆڕیوەتەوە، کە لە شەڕى هەشت ساڵەى نێوانیان بێسەروشوێن ببوون.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 26ى کانوونى دووەمى 2025، هبە عەدنان، گوتەبێژى لیژنەى نێودەوڵەتیى خاچى سوور لە عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: 21 رووفاتیان سەربازی عێراقى بوون و 41 رووفاتەکەى دیکە سەربازی ئێرانى بوون.
 
رادەستکردنى ئەو رووفاتانە لە رێورەسمێکى سەربازى بووە لە دەروازەى سنوورى شەلامچە لە پارێزگاى بەسرە. گۆڕینەوەکە بە سەرپەرشتى لیژنەى نێودەوڵەتیى خاچى سوور لە عێراق کرا. 
 
هبە عەدنان گوتى، "رووفاتى ئەو سەربازانە بوون کە لە شەڕى هەشت ساڵەى نێوان عێراق و ئێران بێسەروشوێن ببوون و روفاتەکانیان لە ناوچە سنوورییەکانى نێوان هەردوو وڵات دۆزراونەتەوە".
 
وەزارەتى بەرگریى عێراق رایگەیاند، تەنیا یەکێک لەو رووفاتانەى سەربازانى عێراق ناسنامەى زانراوە کە ناوى مەتەر نەسر بووە.
 
گوتەبێژى لیژنەى نێودەوڵەتیى خاچى سوور لە عێراق ئاماژەى بەوەدا کە پرۆسەى ناسینەوەى ناسنامەى روفاتەکان لە رێگەى لیژنەى مافى مرۆڤى سەر بە وەزارەتى بەرگریى عێراق دەکرێت و ئەرکى رێکخراوەکەیان هاوکاریى لۆجستییە بۆ ئەو پرسە.
 
لە ساڵى 2008ـەوە بەپێى رێککەوتنێک لە نێوان عێراق و ئێران، رووفاتى سەربازانى بێسەروشوێنى نێوانیان دەگۆڕنەوە بە سەرپەرشتیی لیژنەى نێودەوڵەتیی خاچى سوور لە عێراق.
 
هبە عەدنان گوتى، "ساڵانە چەندین خێزان سەردانمان دەکەن بۆ ئەوەى بە دواى ئەو کەسوکارانەیان بگەڕێین کە لە جەنگى نێوان عێراق و ئێران بێسەروشوێن بوون".
 
جەنگى نێوان عێراق و ئێران لە 1980 تاوەکو 1988 بەردەوام بوو، تێیدا هەزاران سەرباز لە هەردوولا کوژران و بێسەروشوێن بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە