فەرمانى دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک وەزیرى پێشووی عێراق دەردەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
میدیاى فەرمیى عێراق بڵاویکردەوە، فەرمانى دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک لە وەزیرانى پێشووی عێراق لەسەر دۆسیەى گەندەڵى دەردەکرێت.
25ى کانوونى دووەمى 2023 میدیاى فەرمیى عێراق لە زارى سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە، لە چوارچێوەى هەڵمەتى بنبڕکردنى گەندەڵیی دارایی و ئیدارى، فەرمانى دەستگیرکردن لە دژى چەند وەزیرێکى پێشوو دەردەکرێت؛ بەڵام ناوی ئەو وەزیرانە ئاشکرا نەکراوە، کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە 16ى تشرینى دووەمى 2022 حەیدەر حەنون، سەرۆکى دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، دەستەى باڵاى لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانى گەندەڵى لەو دەستەیە پێکهێندراوە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیانەى سەرۆکى دەستەکە بە "گەندەڵیى گەورە" ناوی بردووە.
رۆژی 25ى کانوونى دووەمی 2023 دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، لە مانگى کانوونى یەکەمى 2022دا 47 فەرمانى دەستگیرکردن و راپێچکردنى بەرپرسانى پلە باڵا بۆ بەردەم دادگە لەسەر دۆسیەکانى گەندەڵى دەرکراوە.