شەپۆلێکی باران عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە بەیانیی ئەمڕۆوە تەمێکی چڕ ژمارەیەک ناوچەی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. سبەی باران دەستپێدەکات و رۆژی هەینی بارانەکە لە هەرێمی کوردستان چڕ دەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-12-2024، عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە تەمێکی چڕ پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار، نەینەوا و هەندێک ناوچەی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانیی گرتووەتەوە. مەودای بینین زۆر کەمبووەتەوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، لە سبەی پێنجشەممەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بارانە. ئێوارەی رۆژی هەینی بارانەکە چڕ دەبێتەوە و تاوەکو رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت.
بە گوتەی عامر جابری، سەرەتا باران ناوچەکانی رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوا دەگرێتەوە، بۆ رۆژانی هەینی و شەممە بارانی چڕ هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی عێراق دەگرێتەوە، لە باشووری ئەنباریش باران دەبێت، بەڵام بە بڕێکی کەمتر.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی باس لەوەش دەکات، خێرایی با دەگاتە 55 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، ئەوەش خۆڵبارین دروستدەکات، مەودای بینین بۆ کەمتر لە 4-2 کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق.
هەر لەوبارەوە، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بههۆی چڕبوونهی ههڵمی ئاو لهههوادا و دروستبوونی دڵۆپه ئاوی كریستاڵی سههۆڵی، تهمومژێكی چڕ له درهنگی شهوی رابردوو سنووری ئیدارهی سهربهخۆی سۆران و موسڵی گرتوهتهوه.
محەممەد کەمال گوتی، ئاستی بینین بهتهواوی كهمبووهتهوه. نزمی پلهی گهرما هۆكاری دروستبوونی تەمەکەیە. "كاریگهرییهكهی تاوهكو نیوهڕۆی ئهمڕۆ چوارشهمه بەردەوام بێت و دواتر كۆتایی دێت".
محەممەد کەمال دەڵێت، بارانەکە شەوی پێنجشەممە دەگاتە هەرێمی کوردستان، سەرەتا هەموو هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵام بەرەبەیانی رۆژی هەینی چڕدەبێتەوە لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر، دواتر بۆ ئێوارەکەی بە چڕی روو لە پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی گەرمیان دەکات، تاوەکو درەنگی شەوی شەممە بەردەوام دەبێت.