داهاتی نەوتی عێراق لە تشرینی دووەم 7.6 ملیار دۆلار بووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرای کرد، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 98 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان هەناردە کردووە و داهاتی ئەو نەوتەش زیاتر لە 7.6 ملیار دۆلار بووە.
ئەمڕۆ شەممە 25-12-2021 وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراوی مانگی رابردوو، رایگەیاند، "بەپێی ئامارە کۆتاییەکانی کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق-سۆمۆ، بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا گەیشتە 98 ملیۆن و 192 هەزار و 317 بەرمیل نەوت؛ داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە 7 ملیار و 610 ملیۆن و 850 هەزار دۆلار".
وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاند: "تێکڕای نەوتی خاوی هەناردەکراو لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتە 95 ملیۆن و 860 هەزار و 149 بەرمیل؛ هاوکات هەناردەی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهان گەیشتە 2 ملیۆن و 32 هەزار و 685 بەرمیل".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، "هەر بەرمیلێکی نەوتی خاوی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا بە 77.510 دۆلار فرۆشراوە".