لە ناسڕییە چوار کەس لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانیان لەدەست دا
رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی هاتووچۆ لە ناسڕییە روویدا و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەست دا و حەوت کەسیش بریندار بوون.
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 25-11-2024 لەسەر رێگەی خێرای شاری ناسڕییەی ناوەندی پارێزگای زیقار لە نزیک بازگەی دەروازەی شارەکە روویداوە.
حەیدەر محەممەد وائیلی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مینی پاسێکی رەنگ سپی، بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی و دڵنیایی و تیژڕەویوە، تایەی دواوەی تەقییوە و وەرگەڕاوە".
بەگوتەی حەیدەر محەممەد وائیلی، "لە رووداوەکەدا چوار کەس گیانیان لەدەست دا و حەوتی دیکە برینداربوون، برینی بەشێکیان سەختە".
دوای رووداوەکە دەستبەجێ، تەرمەکان رەوانەی دادپزیشکی ناسرییە کراون و بریندارەکانیش بۆ چارەسەری گەیێندراوەنەتەوە نەخۆشخانەی ناسریە.
بەگوێرەی ئاماری دەستەى سەرژمێری و سیستمى زانیاریى جوگرافیی عێراق، ساڵی رابردوو 11 هەزار و 552 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، بەهۆیەوە 3262 کەس گیانیان لەدەستداوە.