دەستەی دەستپاکیى عێراق: فەرمانبەرانى فڕۆکەخانە نەیانزانیوە نوور زوهێر فەرمانى دەستگیرکردنى هەیە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەستپاکیى عێراق وردەکاریى دیکە لەبارەى پرۆسەى دەستگیرکردنى نوور زوهێر، یەکێک لە تۆمەتبارانى "دزینى 2.5 ملیار دۆلارەکە"ـى بانکى رافیدەین بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، فەرمانبەرانى فڕۆکەخانەى بەغدا ئاگادارى بڕیارى رێگرى لە گەشت و دەستگیرکردنى ئەو تۆمەتبارە نەبوون کە دەیویست بە فڕۆکەیەکی تایبەت هەڵبێت.
رۆژی 25ـى تشرینى یەکەمى 2022، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دەستگیرکردنى نوور زوهێر، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیای موبدیعون بۆ خزمەتگوزاریى نەوتى سنووردار، لەسەر بنەماى زانیاری بوو کە پێیانگەیشتووە بەوەى ئەو تۆمەتبارە دەیەوێت لە رێگەى فڕۆکەیەکى تایبەتەوە لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغداوە هەڵبێت بەرەو تورکیا و کاژێر 07:00ـی ئێوارە دەستگیرکراوە. دەشڵێت: "فەرمانبەرانى فڕۆکەخانەکە بە نوێنەرانى دەستەى دەستپاکییان گوتووە کە ئاگادارى ئەوە نەبوون فەرمانى دەستگیرکردن و رێگرى لە گەشتکردن بۆ ئەو تۆمەتبارە هەبووە."
دەستەى دەستپاکیی عێراق باس لەوە دەکات، لەدواى دەستگیرکردنى نوور زوهێر، لە بنکەى پۆلیسی فڕۆکەخانە بەندکراوە و درەنگى شەو رادەستى هێزێکى وەزارەتى ناوخۆ کراوە وەک ئامادەکارییەک بۆ راپێچکردنى بۆ بەردەم دادگە لەگەڵ ئەو پارەیەى پێى گیراوە.
رۆژی 24ى تشرینى یەکەمى 2022، عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، نوور زوهێر جاسم، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى موبدیعون بۆ خزمەتگوزاریى نەوتی سنووردار لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەستگیرکراوە لەو کاتەی کە هەوڵیداوە لە رێگەی فڕۆکەیەکی تایبەتەوە بچێتە دەرەوەی وڵات کە کۆمپانیاکەى یەکێکە لەو پێنج کۆمپانیایەى 433 ملیار و 150 ملیۆن دینارى لە بانکى رافیدەین بردووە.