زیاتر لە 100 واژۆ بۆ رێگرى لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراق کۆدەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 100 پەرلەمانتارى عێراق واژۆ بۆ کشاندنەوەى هەموارى چەند مادەیەکى یاساى بارى کەسیێتى کۆدەکەنەوە، کە شیعەکان دەیانەوێت هەموار بکرێتەوە.
پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەى یەکەمى پێشنیازەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی دواخست، کە لە خشتەى کۆبوونەوەى چوارشەممە 24ـی تەممووزى پەرلەمان بوو.
یەکێک لە هەموارەکان دیاریکردنی مەزهەبە بۆ ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی لەسەر بکرێت و، حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت، هەرکەسێک پێشتر ئەوەی نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکێش بکات.
ئەو هەموارە داواکاریى شیعەکانە، دەیانەوێت لەسەر مەزهەبی جەعفەرى ئەو پرۆسە کۆمەڵایەتییە بەشێوەیەک رێکبخەنەوە، کە بۆ شوێنکەوتووانى ئەو ئایینزایە بە گونجاوی دەزانن.
سرووە زەنگەنە، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ژن و خێزان و منداڵ بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "دەبوو پێشنیازەیاساکە لە رێگەى لیژنەکەمان لەگەڵ لیژنەى یاسایی پێشکێش بکرایە، بەڵام ئەو هەنگاوە نەنرابوو، تەنیا بە واژۆى 10 پەرلەمانتارى شیعە درابووە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بۆیە راگیرا."
بەگوێرەى هەموارەکە؛ ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوسەرەکان هەبوو لە بارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
سرووە زەنگەنە گوتى "زیاتر لە 100 واژۆى پەرلەمانتارانى سوننە، کورد و تەنانەت شیعەش کۆکراوەتەوە بۆ ئەوەى پێشنیازەیاساکە بە تەواوى بکشێندرێتەوە."
دەرهێنانی پێشنیازەیاساکە لە کارنامەی پەرلەماندا ناڕەزایی هەندێک پەرلەمانتارى شیعەى لێکەوتەوە، کە بە گوتەى خۆیان ماوەیەکى زۆرە چاوەڕوانى دەکەن.
حەسەن سالم زیرجاوى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە هاوپەیمانیى فەتح لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا لەنێو پەلەمانەوە دەڵێ "1400 ساڵە ریشەکێشکردنى شیعە هەیە، مافى خۆمانە بگەڕێینەوە بۆ فیقهى جەعفەری و ئەو فیقهەى، کە بۆ ئێمە گونجاوە لە هەموو مامەڵەکانى بارى کەسیێتیمان، ئەمڕۆ رووبەڕووى رێگرى بووینەوە."
پاساوى ئەوانەى لە دژى ئەو هەموارە بوون ئەوەیە؛ پێچەوانەى چەند مادەیەکى دەستوورە، جگە لەوەش تەمەنى شووکردنى کچان بۆ پێگەیشتن کەم دەکاتەوە لە برى تەمەنى یاسایی.
حەسەن سالم زیرجاوى دەڵێت "بەداخەوە پاساوى نابەجێ هەن بۆ دواخستنى."