بانکی رافیدەین: هەواڵی راگرتنی قەرزەکان راست نییە
رووداو - هەولێر
بانکی رافیدەین کە بانکێکی حکومییە لە عێراق، هەواڵی راگرتنی قەرزەکانی رەتکردەوە و دەڵێت، لە پێدانی قەرز بەردەوامن.
رۆژی شەممە، 25/6/2022، بانکی رافیدەین راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، بەردەوامن لە پێدانی قەرز بە فەرمانبەران و کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری. ئاماژە بەوەش دەکات کە بڵاوبوونەوەی هەواڵی راگرتنی قەرزەکانیان راست نییە.
رۆژی پێنجشەممە، 23/5/2022، بانکی رافیدەین خەرجکردنی بڕێکی دیکەی قەرزی بە خانەنشینان راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، قەرزەکە لە پێنج ملیۆن تاوەکو 25 ملیۆن دینار دەبێت.
رۆژی 9-4-2022یش بانکی رافیدەین راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، قەرزێک بەبڕی 150 ملیۆن دینار دەدەنە هاووڵاتییان، سوودەکەشی 4٪ دەبێت و ئاماژەی بەوەش کرد، هاووڵاتییان دەتوانن مامەڵەی کڕینی خانووەکانیان بکەن لە رێگەی لقەکانی بانکەکەوە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە.
پێشتر بانکی رافیدەین قەرزی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی خانووی راگەیاندبوو کە 50 ملیۆن بۆ فەرمانبەران و 30 ملیۆن بۆ هاووڵاتییان بە وەرگرتنی 5٪ سوود بوو کە دەبوایە تاوەکو 10ساڵ بیدەنەوە.
بەرپرسانی بانکی رافیدەین و بانکی رەشید کە دوو بانکی حکومیین، پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاندبوو، بەهۆی نەبوونی لقیان لە هەرێمی کوردستان، پێدانی قەرزەکانیان هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.