رووداو دیجیتاڵ
رێککەوتنی عێراق و ئەڵمانیا بۆ گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن. گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، 39 هەزار پەناخوازی عێراقی لە ئەڵمانیا داوای پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە و کار بۆ گەڕاندنەوەیان دەکەن.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەنیا ئەو کۆچبەرانە دەگەڕێندرێنەوە کە داوای پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە.
گوتەبێژەکەی حکومەتی عێراق باس لەوەش دەکات، حکومەت "دەیەوێت بە سەربەرزییەوە ئەو پەنابەرانە بگەڕێنێتەوە کە داوایان رەتکراوەتەوە.. نامانەوێت ئەو پەنابەرانەی رەتکراونەتەوە لە ئەڵمانیا تووشی کێشە ببن."
عەلی عەباس دەشڵێت ئەوان پێداگیری لە "گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی پەنابەران" دەکەن.
عەلی جیهانگیر بۆ رووداو ئاشکرایکرد، تاوەکو ئێستا لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە 97 پەناخواز لەچوارچێوەی پڕۆگرامی هاوبەشی نێوان عێراق و ئەڵمانیا گەڕاونەتەوە عێراق".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق:
رووداو: ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر و پەنابەری عێراقی لە ئەڵمانیان. پار، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق واژۆی لەسەر رێککەوتنی گەڕاندنەوەی کۆچبەران لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیا کرد. هەروەها هەفتەی رابردوو شاندێکی حکومەتی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنەکە، سەردانی میونشنیان کرد. بۆ شەنوکەوکردنی ئەم دۆسیەیە، گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێز عەلی عەباس جیهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەکەم. سڵاوتان لێ بێت، سوپاس بۆ ئامادەبوونتان. لە کۆبوونەوەتان لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیا لە میونشن، چی گوزەرا؟
جیهانگیر: سڵاو لە ئێوەی بەڕێز و بینەرە بەڕێزەکانتان. لە راستیدا پرسی کۆچبەر و پەنابەرە عێراقییەکان لە ئەڵمانیا و تەنانەت لە یەکێتی ئەوروپاش، بەداخەوە زۆرترین ژمارەی کۆچبەرانی عێراق لە ئەوروپا بە گشتیی و لە ئەڵمانیادان. ژمارەیی کۆچبەران لە ئەڵمانیا نزیکەی 39 هەزار پەناخواز، داوای پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە. لێرە دەمەوێ ئەوە روون بکەمەوە، حکومەت بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەندامێتی بەڕێز فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دانوستاندنیان لەگەڵ لایەنی ئەڵمانی بۆ ئەوە نەبووە، کۆچبەران دیپۆرت بکرێنەوە، بەڵکو تەنیا بۆ ئەوانە بووە داوای پەناخوازییان رەتکراوەتەوە. تەنیا قسە لەسەر ئەوانەی داوای پەناخوازییان رەتکراوەتەوە و ئەوانەی سکاڵایان لەسەرە و لە دادگە کێشەیان هەیە و ژمارەیان نزیکەی 39 هەزار کەس دەبێت. ئەم 39 هەزار کەسە لە ئەڵمانیادان و زۆربەشیان بەهۆی تاوانی کەتن، کاری نایاسایی کە پەیوەندیی بە خودی دەوڵەت هەیە و بەهۆی چەندین کێشەی دیکەوە کە بەپێی یاسای ئەڵمانیا و ئەوروپاوە بێبەش بوونە لە وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیی. حکومەتیش ئەوکات، بڕیاریدا بۆ ئەوەی بە سەربەرزییەوە بگەڕێنەوە عێراق، بۆ ئەوەی لە هەندەران تووشی کێشەی دیکە نەبنەوە و لە کۆمەڵگەی عێراقیدا دوای ماوەیەک دیسان تێکەڵ بکرێنەوە و ببنە هاووڵاتییەکی باشی عێراق. ئەوانە لەو ماوەیەی لە ئەڵمانیا بوون، چانسی وەرگرتنی پەنابەرێتییان نەبووە.
رووداو: بەڕێز عەلی، بەگشتیی ژمارەی ئەو عێراقییانە چەندە کە بەپێی ئەم رێککەوتنە، دەبێ بگەڕێندرێنەوە؟
جیهانگیر: لە راستیدا ژمارەکە دیاریکراو نییە، بەهۆی ئەوەی رەنگە گۆڕانکاری بەسەردابێت. بەڵام لە رووی پرەنسیپەوە، ئەمانە هەموویان هاووڵاتیی عێراقین و حکومەت سورە لە پاراستنی گیانیان لە دۆخی یاساییشیان نیگەرانە، بۆیە مانەوەیان لە کەمپەکان بەبێ بوونی هیچ جۆرە مافێکی یاسایی، عێراق ئەمەی پێ رەوانییە و چارەکردنیشیان لەم وڵاتەدا زۆر سەختە، بەهۆی ئەوەی دادگە بڕیاری خۆی دەرکردووە و داواکانیانی رەتکردووەتەوە و داوای دیپۆرتکردنیان کراوە. بۆیە ئێمەش بەشێوەیەک کار بۆ گەڕاندنەوەیان دەکەین، کە شکۆیان پارێزراو بێت. ئەویش لە رێگەی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و رێکخراوی دیکە بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە عێراق. خەرجی و تێچووی گەڕاندنەوەشیان لەسەر ئەستۆی دەوڵەتی عێراقە.
رووداو: بەڕێز عەلی، بابەتێکی دیکەش هەیە. لە نێوەڕۆکی ئەم رێککەوتنەدا زۆر باس لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە دەکرێت. ئەم جۆرە گەڕاندنەوەیە ئارەزوومەندانەیە؟
جیهانگیر: ئێمە پێداگری لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە دەکەین، هەر بۆیە حکومەت پێی باش بووە هاوئاهەنگیی لەگەڵ لایەنە ئەڵمانییەکان بکات، بۆ ئەوەی لەسەر پرسی عێراق کار بکات بۆ نموونە، GRZ ئەو لایەنەیە کە دیپۆرتکراوەکان یان بە واتایەکی دیکە بڵێین، ئەوانەی پەناخوازێتییان لە ئەڵمانیا رەتکراونەتەوە پارەدار دەکات، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کار لەسەر پرۆژەیەک بکەن و دۆخی ئابوورییان باشتر بکەن لە پێناو خۆشگوزەرانی خۆیان و خێزانەکانیان. سەرەڕای ئەمەش، دوای دیپۆرتکردنیان، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار، وۆرکشۆپی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە لە پێناو راهێنانیان بۆ پیشەیەکی دیاریکراو، بۆ ئەوەی دووبارە بە ئاسایی تێکەڵی کۆمەڵگە بکرێنەوە و پرۆژەکانیشیان لەلایەن ئەم رێکخراوانە پارەدار بکرێت و پشتیوانیان لێ بکرێت. پرۆسەی پارەدارکردنەکەش راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی ئەڵمانییەوە دەکرێت.
رووداو: کەواتە دوای دیپۆرتکردنەوەی هاووڵاتییە عێراقییەکان بۆ وڵاتەکانیان، بەپێی ئەم رێککەوتنە بەدواداچوون بۆ دۆخیان دەکرێت؟
جیهانگیر: بەڵێ، بەڵێ، ئەم دۆسیەیە نوێیە، حکومەت و وەزارەت لەسەر ئەم دۆسیەیە رانەهاتوون. ئێستا رێکار و مەرجی دیاریکراومان بۆ ئەم پرسە تایبەتە لەگەڵ ژمارەیەک رێنمایی دیاریکراو داناوە و خستوومانەتە بەردەم فەرمانگەی یاسایی و دوای پەسندکردنیشی دەخرێتە بەردەم بەڕێز وەزیر، تاوەکو میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا بەپێی رێکارەکان بۆ قۆناخی داهاتوودا بکرێت. هەروەها ئەو کەسانەی لە رێگەی ئەم بەرنامەیەوە هاتوون ناو و زانیارییەکانیان تۆمار بکرێت، بۆ ئەوەی بەدواداچوونیان بۆ بکرێت و ئەو بەرنامەی باسمان کرد بیانگرێتەوە و قۆناخ بە قۆناخ ژیانی خۆیان ئاسایی بکەنەوە.
رووداو: بەڕێز عەلی، سوپاس بۆ ئەم زانیارییانە. دەمەوێ ئەوە بزانم لەم ساڵەدا، چەند عێراقی لە ئەڵمانیا دیپۆرتی عێراق کراونەتەوە؟
جیهانگیر: لە راستیدا ئامارێکی ورد بەردەست نییە. لە ماوەی رابردوودا کاروانێک کە لە 37 کەس پێکهاتبوون، دیپۆرت کرانەوە و پێشتریش کاروانێکی دیکەش هەبوون نزیکەی 60 کەس بوون، دیپۆرت کرانەوە. جگە لەم دوو ژمارەیە، ئاماری دیکەی ورد لەلام نییە. بەهۆی ئەوەی هەندێکجار، پرسی دیپۆرتکردنیان بە ئاشکرا ناکرێت.
رووداو: سەبارەت بەو کەسانەی مافی مانەوەیان لە ئەڵمانیا پێ دەدرێت، کێن ئەوانەی ئەم مافەیان پێ دەدرێت و بە چ جۆرە رێکارێک مافەکە وەردەگرن؟
جیهانگیر: ئەوانەی لەوێ ماونەتەوە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ستاندەردە جیهانییەکان و یاسای وڵاتەکەیە. ئەگەر یاسا بیانگرێتەوە و گونجاو بێت لەگەڵ یاسای ئەم وڵاتە، ئەوا دەمێننەوە. ژمارەی ئەوانەی بەشێوەیەکی یاسایی ماونەتەوە زۆرە. لەلایەکی دیکەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی وەرگرتن، ئەو شوێنەیە یان ئەو ناوچەیەیە کە هاووڵاتییەکە لێیەوە هاتووەتە ئەوروپا. هەندێک ناوچە بەپێی یاسا ئەوروپییەکان، ناوچەی پارێزراو و سەقامگیر و ئارامن. بۆ نموونە هەندێک ناوچە هەن بە شەڕی ناوخۆ و تایفەگەری و شەڕ و پێکدادانی هۆزەکان بەناوبانگن، کەیسی ئەمانە زۆر باشتر و جیاوازترە لەگەڵ کەیسی ئەو کەسانەی لە ناوچەیەکەی ئارام و سەقامگیرەوە هاتوون. یەکێک لە هۆکاری رەتکردنەوەی داوای پەناخوازی لەسەر ئەم بنەمایە دەبێت. هەندێکجار لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکە بۆیان دەردەکەوێت، ئەو زانیارییانەی لەلایەن پەناخواز پێیان دراوە راست نین، ئەمانە هەموو هۆکاری رەتکردنەوە دەبن. پێچەوانەکەشی راستە ئەگەر لەگەڵ یاسا و رێساکان گونجاو بێت، بەدڵنیاییەوە دۆخێکی سروشتییان بۆ فەراهەم دەکرێت و مافی مانەوەیان پێ دەدرێت. ژمارەی ئەمانەش کەم نین.
رووداو: بەڕێز عەلی عەباس جیهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، سوپاس کە لە بەغداوە راستەوخۆ لەگەڵمان بوویت. دووبارە سوپاس بۆ بەشداریکردنتان.
جیهانگیر: سوپاس بۆ ئێوەش.. سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ