لە واست بەرهەمهێنانی برنج لە 30 هەزار تۆنی ساڵانەوە بۆ سفر دادەبەزێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای واست رایدەگەیێنێت، بەهۆی کەمئاویی و کەمبارانییەوە، چاندنی برنج لە پارێزگاکە قەدەخەکراوە و ئەوەی سەرپێچیی بکات لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 25/5/2022، ئەرکان مربووش، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای واست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی کەمئاوییەوە چاندنی برنج لەسەر رووباری دیجلە قەدەخەکراوە، ئەوە لەکاتێکدا پێشتر پارێزگای واست بەو بەرهەمە بەنێوبانگ بوو بە هەموو جۆرەکانییەوە، بەڵام وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بەهۆی کەمئاویی و کەمبارانی، بڕیاریداوە چاندنی برنج لە پارێزگاکەدا قەدەخە بکرێت.
ئەرکان مربووش زیاتر روونیکردەوە، لە رابردوودا پارێزگای واست بڕێکی باشی برنجی بەرهەم دەهێنا، بەرهەمی دوایینجار لە پارێزگاکەدا ساڵێکدا نزیکەی 30 هەزار تۆن بوو، بەڵام زیاتر لە پێنج ساڵە پلانی کشتوکاڵی تایبەت بە چاندنی برنج نییە و چاندنی قەدەخەکراوە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای واست جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەوەی لە پارێزگاکەدا برنج بچێنێت، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە و دادگایی دەکرێت، بۆیە درێژایی ساڵانی رابردوودا برنج لە واست نەچێنراوە.