نووری مالیکی: ئەو بەشە هێز و شکۆیەی کە دەوڵەت ماویەتی، لاوازی مەکەن


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە عێراق رایدەگەیێنێت، دادگە دوا گەرەنتییە کە دەبێت هەمووان بیپارێزن و ملکەچی بن، دەبێت حکومەت مامەڵەیەکی وەها نەکات ببێتە هۆی لاوازکردنی دادگە و لە متمانەکردن بە دادگە کەمبکاتەوە. هەروەها دەشڵێت: "بۆیە دەبێت دادگە هەموو ئەو کەسانە سزا بدات کە زێدەڕۆیی دەکەنە سەر یاسا و دەستوور، ئینجا هەر کەسێک بن."
 
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ هەینی 25-02-2022 لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "بانگەوازێک بۆ هەموو ئەوانەی خەمخۆری عێراق، ئاشتیی کۆمەڵایەتی، پاراستنی دەوڵەت و شکۆی دەوڵەتن، ئەگەر مامەڵە پێشێلکارەکانی دەستوور و یاساکان پرۆسەی سیاسییان لاوازکردووە و ئاسایشی نیشتمانییان شڵەژاندووە، ئەوا بەشەکەی دیکەی هێز و شکۆی دەوڵەت کە ماوە لاواز مەکەن، ئەوەش لە رێگەی پێشێلکردنی شکۆی دادگە و زێدەڕۆیی بۆ سەر دەسەڵات و ئەرکەکانی، چونکە دادگە دوا گەرەنتییە کە دەبێت هەمووان بیپارێزن و ملکەچی بن."
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە راگەیێندراوەکەیدا باس لەوەش دەکات: "دەبێت حکومەت مامەڵەیەکی وەها نەکات ببێتە هۆی لاوازکردنی دادگە و لە متمانەکردن بە دادگە کەمبکاتەوە. هەروەها دەبێ دادگە ئەرکی خۆی بوێرانە و یەکلاکەرەوانە ئەنجامبدات، لە هەمان کاتدا دەبێت دادگە رێگربێت لە هەموو سەرپێچییەک بەرامبەر بڕیارەکان و هەڵوێستەکانی و ئەوانەشی زێدەڕۆیی دەکەنە سەر یاسا و دەستوور سزا بدات."
 
ئەم داوایەی نووری مالیکی دوای رۆژێک هات لە گەمارۆدانی سەرۆکایەتیی دادگەی پێداچوونەوە لە ناوچەی کەرخ لە بەغدا لەلایەن هێزێکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق. بەو هۆیەوە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دوێنێ پێنجشەممە، لە راگەیێندراوێکدا داوای لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد لە رووداوی گەمارۆدانی سەرۆکایەتی دادگەی پێداچوونەوە لە ناوچەی کەرخ لەلایەن ئەو هێزە سەربازییەوە بکۆڵێتەوە.