لە میسان بەهۆی رووخانی پردێک دوو کەس کەوتنە نێو رووبار و خنکان
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی پەڕینەوەی بارهەڵگرێک بەسەریدا، پردێک لە پارێزگای میسان رووخا و بەهۆیەوە دوو کەس کەوتنە نێو رووبارەوە و خنکان.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ی تشرینی دووەم، بەشێک لە پردی ئاسنینی تەبر کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگای میسان رووخا.
محەممەد کینانی، گوتەبێژی تەندروستیی پارێزگای میسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هۆکاری رووخانی بەشێکی پردەکە بەهۆی بارهەڵگرێک بووە، کە زیاد لە پێویست باری بارکردووە، پردەکەش کۆنە و بەهۆیەوە بەشێکی رووخاوە.
محەممەد کینانی دەڵێت، شوفێری بارهەڵگرەکە لەو کاتەدا خۆی فڕێداوە بە سەختی بریندار بووە و کوڕەکەشی کە لەگەڵی بووە لەنێو ئۆتۆمبێڵەکەدا لەوکاتەدا خەوی لێکەوتوە لەگەڵ ماتۆڕسوارێک کەوتوونەتە نێو رووبارەکە و بەهۆیەوە خنکاون.
گوتەبێژی تەندروستی پارێزگای میسان گوتیشی، تەرمی ماتۆڕسوارەکە دۆزراوەتەوە و لە دادپزشکییە، گەڕان بەدوای تەرمی منداڵەکەش بەردەوامە، تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە، شوفێری بارهەڵگرەکەش گەیێندراوەتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردن.
بەگوتەی گوتەبێژی تەندروستی پارێزگای میسان ئەو پردە ئاسنینە شەش مانگ لەمەوبەر بەشێکی دیکەی رووخابوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئیدارەی پارێزگاکە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر رووداوەکە پێکهێناوە.