دوو کەس لە زیقار 300 مەتر زەوى بە رووەکى هۆشبەر دەچێنن
رووداو دیجیتاڵ
دوو کەس لە پارێزگاى زیقار دەستگیرکران کە 300 مەتر زەوی کشتوکاڵییان بە جۆرێک رووەکى هۆشبەر چاندووە بۆ ئەوەى بە ئالوودەبووانى بفرۆشن.
ئەو دوو کەسە لەلایەن یەکەیەکى هەواڵگری و ئاسایشى زیقار دەستگیرکراون.
24ى تشرینى دووەم، وەزارەتى بەرگریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەو دوو کەسە 10 کیلۆگرام لەو رووەکە هۆشبەرەیان پێ گیراوە و لەکاتى لێکۆڵینەوە دانیان بەوەدا ناوەکە رووبەرێک زەوى 300 مەترییان بەو رووەکە چاندووە.
ئەو رووەکە هۆشبەرەى دوو کەسەکە چاندوویانە لە جۆرى داتۆرایە و شەوان گوڵەکەى دەکرێتەوە.
وەزارەتى بەرگریى عێراق ئاماژەى بەوەداوە کە توانیویانە ئەو زەوییە کشتوکاڵییە بدۆزنەوە کە ئەو جۆرە رووەکەى تێدا چێندراوە.
ئەو دوو کەسە بە گوێرەى مادەى 28ى یاساى مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرەکە دەروونییەکان رەوانەى لایەنى پەیوەندار کراون بۆ ئەوەى رێوشوێنى یاسایی بەرامبەریان بگیرێتەبەر کە یەکێک لە بڕگەکانى تایبەتە بە فرۆشتنى رووەکى هۆشبەر و سزاکەى بەندکردنى قورس و پێبژاردنە لەنێوان 5 بۆ 10 ملیۆن دینار.
لە شەش مانگى یەکەمی ئەم ساڵدا بەڕێوەبەرایەتیى بنبڕکردنى مادەى هۆشبەر و کارتێکەرە دەروونییەکان، دەستى گرتووە بەسەر یەک تۆن و 822 کیلۆ و 740 گرام مادەى هۆشبەردا و حەوت هەزار و 705 تۆمەتبارى مادەى هۆشبەریش دەستگیرکراون کە 1435 یان بازرگانى مادەى هۆشبەر بوون.