پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا: نابێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە ناکۆکیی سیاسی بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی رایدەگەیێنێت، نابێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، تێکەڵ بە ناکۆکیی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا بکرێت.
رۆژی پێنجشەممە 24-11-2022 زرغام مالیکی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، فەرمانبەری دەوڵەتی عێراقی فیدراڵین، بەشێکی دانەبڕاوی ئەو سیستمەن، مافیان هەیە و پێویستە حکومەت مافیان بدات."
پەرلەمانتارەکەی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن و سازانی لەسەر بکرێت. بەڕاستی خۆشحاڵ نابین کاتێک سەیر دەکەین، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مافەکانیان پێنادرێت؛ بەڵام هیوادارین هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت و حکومەتی نوێ، لە بەرامبەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دادپەروەربن و مافەکانیان تێکەڵ بە ناکۆکیی سیاسی نەکرێت."
زرغام مالیکی جەخت لەوە دەکاتەوە، ساڵی داهاتوو دەرفەتێکە لەسەر سنی زێڕ بۆ حکومەت، لەگەڵ زیادبوونی پارەیەکی زۆر، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و پشتیوانیی جەماوەری، بۆئەوەی ئەو حکومەتە سەرکەوتوو بێت، "هەمووان چاوەڕێی هەنگاوەکانی حکومەتن سەربکەوێت، نەک شکست بخوات، بۆیە دەرفەتیان لەبەردەمدایە تاوەکو باشترین خزمەتگوزاری پێشکێش بکەن."
تەمەنى ئەم وەرزەى پەرلەمانى عێراق دوو هەفتەى ماوە، بەبێ ئەوەى پرۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023 لەلایەن حکومەتەوە رەوانەى پەرلەمان بکرێت لەگەڵ ئەوەى لە 28ى تشرینى دووەم محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق ماوەى یەک هەفتەى دایە وەزارەتى دارایی بۆئەوەى ئەو پرۆژەیاسایە ئامادە بکات.
رۆژی 8ى کانوونى یەکەمى 2022 وەرزى دووەمى یاسادانانى پەرلەمانى عێراق کۆتایی دێت، بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان، ئەگەر تاوەکو ئەوکاتە پرۆژەیاساى بودجەى گشتى نەگاتە پەرلەمان، پشووى پەرلەمان دەستپێدەکات.
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پێشبینییەکان بۆ ئەوەن کە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى تاوەکو ئەو کاتە نەگاتە پەرلەمان و پشووى پەرلەمان دەستپێبکات". گوتیشى، "پێشبینی دەکەم ناردن و تاوتوێکردنى پرۆژەیاسای بودجەى 2023 بکەوێتە مانگى کانوونى دووەمى 2023."
ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئەوەشی خستەڕوو، پشکى هەرێمى کوردستان لە پرۆژەیاساى بودجەى 2023 پێویستى بە رێککەوتنى نێوان حکومەتى فیدراڵ و هەرێمى کوردستانە و تاوەکو ئێستا شاندى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغداى نەکردووە بۆ رێککەوتن لەبارەیەوە، ئەگەر ئەو رێککەوتنەش نەکرێت، "تاوتوێکردنى پرۆژەیاساکە لە پەرلەمان کاتى زیاتر دەخایەنێت."
بەگوێرەى کارنامەى حکومەتى نوێى عێراق بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى، کە لە 27ى تشرینى یەکەم پەرلەمان پەسندی کرد، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ پێویستە لیژنەیەکى هاوبەشى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى رێککەوتن بکەن لەبارەى پرۆژەیاساى بودجەى 2023.
د. نەرمین مەعروف دەڵێت، "تاوتوێکردنى پرۆژەیاسای بودجەى گشتى سێ بۆ چوار مانگ دەخایەنێت."
خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق پێشبینی دەکات تاوتوێکردنى پرۆژەیاساى بوجەى گشتى بۆ پەرلەمان بکەوێتە سەرەتاى ساڵى 2023. گوتیشی، "کێشە هەیە لەنێو لیژنەى دارایی کە هاوسەنگیى ئەندامەکانیەتى بەگوێرەى پێکهاتەکان لەدواى کشانەوەى پێنج پەرلەمانتارى رەوتى سەدر کە لەنێو لیژنەکە بوون، ئەگەر سەرۆکى لیژنەکە و دوو جێگرەکەى بەشێوەیەکى هەمیشەیی دیارینەکرێن، تواناى ئەوەى نابێت کە پرۆژەیاساى بودجە وەربگرێت بەمەبەستى ئامادەکردنى راپۆرت لەبارەیەوە."
بەهۆى ئەوەى حکومەتى پێشووى عێراق کاربەڕێکەر بوو، نەتواندرا پرۆژەیاساى بودجەى 2022 پەسند بکرێت کە لەبرى ئەوە کار بە سیستمى خەرجکردنى یەک لەسەر دوازدەى بودجەى خەرجکراوى ساڵى 2021 کرا.
بەگوێرەى پێشبینیى ئەندامانى لیژنەى دارایی پەرلەمان، پرۆژەیاسای بودجەى گشتیی 2023 لەنێوان 120 بۆ 130 ملیار دۆلار دەبێت کە بە گەورەترین بودجە دادەنرێت لە مێژووى عێراقدا.