ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق: لە بوودجەی گشتییدا باج لەسەر کارتی موبایل لادەبەین


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێشنیازی لابردنی باج لەسەر کارتی موبایل لەلایەن لیژنەکەیانەوە پەسندکراوە و کار بۆ ئەوە دەکەن لە پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا لە دوای پێکهێنانی حکومەت ئەو بڕگەیە لابدەن چونکە "بارگرانییە بۆسەر شانی هاووڵاتییان." 
 
کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکان لە پەرلەمانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە ماوەی رابردوودا لەلایەن دەستەی پەیوەندییەکانی عێراقەوە نووسراوێک ئاراستەی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکان کراوە بۆ ئەوەی نرخی کارتی موبایل دابەزێنرێت و ئەو رێژە باجەی لەسەری دانرابوو لاببرێت.
 
ساڵی 2014، لەسەروبەندی شەڕی داعشدا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعشەوە حکومەتی عێراق لە یاسای بوودجەی گشتییدا رێژەی 20٪ی باجی بۆسەر کارتی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن زیادکرد، ئەو بڕگەیەی بوودجەی عێراق لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا کاری پێدەکرێت و نرخی کارتی موبایلی 5 هەزار دیناری کرا بە 6 هەزار دینار و کارتی 10 هەزار دیناری بە 12 هەزار دینار.
 
کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوە کرد، پرسی لابردنی باجی سەر کارتی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن لەلایەن لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکان لە پەرلەمانی عێراقەوە پەسندکراوە و لەگەڵ لیژنەی پەیوەندیدار و لایەنەکاندا [لیژنەی دارایی و وەزارەتی دارایی] لە گفتوگۆدا دەبن بۆئەوەی ئەو بڕگەیەیی پەیوەندی بە باجی سەر کارتی موبایلە لایبدەن و کارتی موبایل بە نرخی بڕی باڵانسەکە بفرۆشرێت.
 
بەگوتەی ئەندامەکەی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکان، ئەوکات ئەو بڕیارە بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی بوودجە و زیادکردنی داهات بووە، بەڵام ئەم کابینەیەی حکومەت دۆخی دارایی زۆر باشە و داهات و پارەیەکی زۆری لەبەردەستدایە و ئەو بڕە باجەیش بارگرانییە لەسەر شانی هاووڵاتییان و کۆدەنگییەکی گشتییش هەیە بۆ لابردنی ئەو باجە.