عەبادی سەردانی پاڵاوگەی بێجی دەکات
رووداو- هەولێر
شەوی رابردوو 23ی تشرینی یەکەم، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی قەزای بێجی و پاڵاوگەی بێجی لە پارێزگای سەلاحەدین کرد و رایگەیاند" سەرکەوتنێکی بە نرخمان بەدەستهێناوە".
عەبادی لەگەڵ فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان لە سوپا و پۆلیس و حەشدی شەعبی کۆبووەوە، هەروەها لە ناوچەی حەجاج، بەشداری لە یەکێک لە پرسەکان کرد کە لە رۆژی عاشوورا بەبۆنەی شەهیدکردنی حوسێنی کوڕی عەلی رێکخرابوو.
بەگوێرەی راگەیاندراوێکی نووسینەگی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەبادی رایگەیاندووە، سەرکەوتنێکی بەنرخ بەدەست هاتووە و "عێراقییەکان سەلماندیان کە هەموو پێکهاتەکان لەپێناو رزگارکردنی وڵاتەکەیان دەجەنگن لە دژی ئەو مەترسییە و ئەو بیرە لادەرەدا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد " شەڕی بێجی توانای عێراقییەکان و خۆڕاگریانی دەرخست بۆ رزگارکردنی شارەکانیان کە ماوەی حەوت مانگە شەڕێکی قورس لە ئارادایە".
حەیدەر عەبادی، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و پرسە و سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری شەهیدەکان راگەیاند"بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداریان نابن و تەواوی مافەکانیان دەستبەردەکەین"، راشیگەیاند "ئەگەر قوربانیدان و خوێنی ئەوان نەبووایە، ئەو سەرکەوتنە بەدەست نەدەهات".