دەستەی دەستپاکی: وەزارەتی تەندروستیی عێراق 24 ملیۆن دۆلاری بەفیڕۆداوە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، لە چەند گرێبەستێکی کڕینی یەک ملیۆن و 250 هەزار دەمامک لە لایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە، زیاتر لە 24 ملیۆن دۆلار و 50 هەزار دۆلار بەفیڕۆ دراوە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 24/9/2022، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد: "لە سێ گرێبەستی کڕینی ملیۆنێک و 250 هەزار دەمامک لە جۆری 'سی پاپ'ی چینی لە لایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە، 24 ملیۆن و 50 هەزار دۆلاری ئەمریکی بەفیڕۆ دراوە".
دەستەی دەستپاکی دەشڵێت: "کڕینی ئەو هەموو دەمامکە لەلایەن کۆمپانیای کیمادیای سەر بە وەزارەتی تەندروستی لە کاتێکدایە وەزارەتەکە هیچ پێویستیی بەو دەمامکانە نییە".
دەستەکە ئاشکراشی کرد: "گرێبەستی یەکەمی کڕینی دەمامکە چینییەکان تایبەتە بە فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای میسان و بە گوژمەی 5 ملیۆن و 200 هەزار دۆلارە.. گرێبەستی دووەمیش تایبەتە بە تەندروستیی نەجەف و بە گوژمەی 9 ملیۆن و 100 هەزار دۆلارە، گرێبەستی سێیەمیش تایبەتە بە تەندروستیی موسەننا و بە گوژمەی 9 ملیۆن و 750 هەزار دۆلارە".
دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات: "یەک ملیۆن و 50 هەزار لەو دەمامکە چینییانە بە یەکسانی دابەشکرانە سەر فەرمانگەکانی تەندروستیی پارێزگاکانی سەلاحەدین و موسەننا و نەجەف. هەروەها، 200 هەزار دەمامکیش دراونەتە تەندروستیی پارێزگای میسان، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشخانەکانی ئەو پارێزگایانە ئامادەنەبوون ئەو دەمامکانە وەربگرن، چونکە پێویستیان پێی نییە، ئەمەش بووە هۆی بەفیرۆدانی سامانی گشتی".