چەند کێشەیەک لەبەردەم رێککەوتنی کۆتایی نێوان هەولێر و بەغدا سەریانهەڵداوە

رووداو دیجیتاڵ

داهاتى فیدراڵى، دانانى سەرجەم داهاتە نێوخۆییەکان لە هەژمارێکى بانکى لە بەغدا، پارەى کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و قەرزى بانکى تی بی ئای لەو بەربەرستانەن کە لەنێوان حکومەتی هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵیدا سەریانهەڵداوە.
 
بڕیاربوو ئەمڕۆ (دووشەممە، 24ـی تەممووز) شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا لە نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنی بەرامبەر کۆببێتەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان لەبارەى ئەو ئاستەنگانە و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
 
بەڵام ئەو شاندەی هەرێمی کوردستان تائێستا نەگەڕاونەتەوە بەغدا. مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند "شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێیان راگەیەنراوە کەمێک چاوەڕێ بکەن تاوەکو ئەوکاتەی خۆیان هەواڵیان پێدەدەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بەغدا. شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیە، هەرکاتێک هەواڵیان پێبگات، سەردانی بەغدا بکەنەوە."
 
 
کێشەى داهات 
 
تاوەکو ئێستا ئەوە بە روونى لەنێوان بەغدا و هەولێر یەکلانەبووەتەوە کە داهاتى فیدراڵی چییە، کە بەشێکە لە داهاتى نانەوتى؛ پرسیارەکە ئەوەیە، داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکانى پاسپۆرت و رەگەزنامە و گومرگ و فڕۆکەخانەکانە یان سنوورەکەى فراوانترە؟
 
هێشتا ناکۆکى لەسەر ئەوە هەیە کە هەرێمى کوردستان 50% یان 100%ـی داهاتى فیدراڵى رادەست دەکات، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەغدا داواى 100%ـی ئەو داهاتە دەکات.
 
بەگوێرەى بڕگەى دووەمى مادەى 12ـی یاساى بودجەى گشتیى عێراق، دەبێت هەرێمى کوردستان پابەند بێت بە رادەستکردنى داهاتى نانەوتى بە حکومەتى فیدراڵیی عێراق. بەگوێرەى یاساى کارگێڕیی دارایی ساڵى 2019 و دیوانى چاودێریى دارایی، هەردوولا وردبینى لە زانیارییەکانیدا دەکەن.
 
خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رۆژی دووشەممە (24-07-2023) بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "کێشەیەک لە یاسای کارگێڕیى داراییدا هەیە، کە دیاریی نەکردووە داهاتى فیدراڵى و نافیدراڵى چى دەگرێتەوە."
 
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مادەى 29ـی یاسای کارگێڕیى داراییدا هاتووە، پارێزگاکان، بە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانیشەوە، 50%ـی باج و رسوماتى فیدراڵییان پێ دەدرێت، کە بە شێوەى ناوەندی بەڕێوەدەبرێن، بەڵام ئەوە باج و رسوماتى گومرگەکان ناگرێتەوە، لە کاتێکدا لە یاساى بودجەى گشتیدا هاتووە دەبێت 50%ـی داهاتى دەروازە سنوورییەکان بۆ ئەو پارێزگایە بێت کە دەروازەکەى تێدایە.
 
سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق رۆژی دووشەممە 24-07-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، یاساى کارگێڕیی دارایی یاسایەکى هەمیشەییە و بەهێزترە لە یاسای بودجە کە بۆ ماوەیەکى دیاریکراوە.
 
بڕینى داهات لە بودجەدا
 
یەکێکى دیکە لە کێشەکان ئەوەیە، چۆن داهاتى نێوخۆیی هەرێمى کوردستان لە پشکى بودجەکەى دەبڕدرێت؟ رادەستکردنى ئەو داهاتە بە بەغدا لەگەڵ خەرجیى مانگانەى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى تەرازووى پێداچوونەوە دەبێت بۆ ئەوەى بەشە بودجەى بۆ بنێردرێت یان بە شێوازێکى دیکە دەبێت؟
 
حکومەتى فیدراڵیی عێراق دەیەوێت گەڕاندنەوەى داهاتى هەرێمى کوردستان بە داتا و نووسراو نەبێت، بەڵکو بە شێوەى نەختینەیی بێت و لە هەژمارێکى بانکى لەژێر دەسەڵاتى وەزارەتى دارایی عێراق و دواتر لەگەڵ هەرێمى کوردستان پاکتاوى بکات و ئەو بڕە پارەیە ببڕێت کە بە شایستەى خۆى دەزانێت.
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، بەغدا بە شاندى هەرێمى کوردستانى گوتووە کە دواى دانانى تەواوى داهاتەکەى لەو هەژمارە بانکییە، داهاتى فیدراڵى و نافیدراڵى جیادەکرێتەوە.
 
یەکێکى دیکە لە ناکۆکییەکان ئەوەیە؛ چۆن پارەى داهات لە بودجەى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت، کە هەرێمى کوردستان زانیارییان پێدەدات لەسەرى و لە بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت یان ئەوەى کە بەغدا داوای دەکات سەرجەم داهاتەکە بخرێتە نێو هەژمارێکى بانکى و لەوێ دەبڕدرێت، ئەوەش بۆ ئەوەیە داهاتى هەرێمى کوردستان بە پارە لەژێر دەستى بەغدا بێت، نەک لە چوارچێوەى تەرازووى پێداچوونەوەى وەزارەتى داراییدا کە مانگانە دەیدات بە بەغدا.
 
پێوەرى پارەى کۆمپانیاکانى نەوت جیاوازە
 
خەرجکردنى شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان یەکێکى دیکەیە لە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.
 
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتى، دەبێت ئەو شایستە داراییەى کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى بڕى تێچووى بەرمیلێک نەوت و گواستنەوەى هاوتا بێت لەگەڵ ئەو پێوەرەى کە لە وەزارەتى نەوتى عێراق پەیڕەو دەکرێت.
 
وەزارەتى نەوتى عێراق پەیڕەوى شێوازى گرێبەستى خزمەتگوزاری دەکات لەگەڵ کۆمپانیاکانى نەوت کە نزیکەى 10%ى تێچووى هەر بەرمیلێک نەوت بۆ کۆمپانیاکان دەبێت، کە ئێستا نزیکەى حەوت دۆلارە، لە کاتێکدا لە هەرێمى کوردستان کار بە گرێبەستى بەشدارى دەکات و پشکى کۆمپانیاکان لە داهاتى نەوت دەگاتە 30%.
 
سوودى قەرزەکان
 
یەکێکی دیکە لە کێشەکان لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵیى عێراق دانەوەى قەرزەکانى بانکى بازرگانیى عێراق (تی بی ئای)ـە، کە لەسەر هەرێمى کوردستانە و بڕەکەى بە زیاتر لە چوار تریلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت.
 
بەغدا داوایکردووە جگە لە دانەوەى قەرزى ئەو بانکە، حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەو پارەیەش بداتەوە کە لەم ماوەیەدا سوودى قەرزەکە چووەتە سەرى.
 
بەگوێرەى خاڵى واو لە مادەى 12ـی یاسای بودجەى گشتى عێراق، دەبێت لە 2023ـوە بۆ ماوەى حەوت ساڵ، وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى قەرزى کۆمپانیاى تی بی ئای بە شێوەى قیست لە پشکى هەرێمى کوردستان ببڕێت.
 
ناردنى پارە بە مەرجەوە
 
خاڵى (هـ) لە مادەى 12ـی یاساى بودجەى گشتیى وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵیی عێراق پەیوەستە بە ناردنى شایستەى دارایی هەرێمى کوردستان، بەو مەرجەى هەرێمى کوردستان چوار خاڵى یەکەمى هەمان مادە جێبەجێ بکات.
 
دوو لە مادەکان تایبەتن بە رادەستکردنى 400 هەزار بەرمیل نەوت بەمەبەستى هەناردەکردن بۆ دەرەوە یان بەکارهێنانى نێوخۆیی کە هەردوو مادەکە پابەندبوونی هەرێمى کوردستانى تێدا نەماوە و کەوتووەتە دەست حکومەتى فیدراڵى.
 
دوو بڕگەکەى دیکە پەیوەستن بە خەرجکردنى شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوت بۆ بەهەرمهێنان و گواستنەوە لەگەڵ رادەستکردنى داهاتى نانەوتى بە حکومەتى فیدراڵى کە تاوەکو ئێستا رێککەوتنى لەبارەوە نەکراوە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، بۆ مانگى حوزەیران حکومەتى فیدراڵیى عێراق 400 تریلیۆن دینارى لە پشکى هەرێمى کوردستان ناردووە و نزیکەی 800 تریلیۆن دینارى دیکە ماوە، کە بۆ هەمان مانگ بینێرێت.