چوار کاتیۆشا ئاراستەی بنکەی سەربازیی بەسمایە کران
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، چوار مووشەکی جۆری کاتیۆشا لەنێو بنکەی سەربازیی بەسمایە کەوتنەخوارەوە و شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقیش دەڵێت، زیانیی گیانی لەو رووداوە نەکەوتووەتەوە.
لە راگەیێندراوی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقدا هاتووە، مووشەکەکان یەکێکیان کەوتووەتە سەر کۆگایەکی زرێپۆشەکان، دووەمیش کەوتووەتە سەر کەرەڤانەکانی سەر بە فەوجی پاراستنی بنکە سەربازییەکان و دوو مووشەکی دیکەش لە شوێنێکی بەتاڵدا کەوتوونەتە خوارەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی شانەکە بڵاویکردوونەتەوە، تەنیا زیانی ماددی بەر سەربازگەکە کەوتووە و زیانی گیانی نەبووە. دەشڵێت "زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن مووشەکەکان لە ناوچەی داینییەی سەر بە پارێزگای دیالەوە ئاڕاستەکراون".
بنکەی سەربازیی بەسمایە دەکەوێتە باشووری بەغدا، سەرباز و راوێژکارانی ئیسپانی وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەو بنکەیە جێگیربوونە. هاوکات هاوپەیمانێتییەکە بەنیازە سەربازانی لە عێراق کەم بکاتەوە.
بەمدواییە ئەو هێرشە مووشەکییانەی لە ناوچە جیاوازەکان هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، سەربازانی ئەمریکی لە عێراق و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەکەنە ئامانج زیادیانکردووە. ئەمریکاش ئەو گرووپە چەکدارانە بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتباردەکات کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
بە ئامانجکردنەکە لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەی ئەو بنکە سەربازییە رادەستی هێزە عێراقییەکان بکرێتەوە. تاوەکو ئێستاش هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشانە رانەگەیاندووە.