بۆ یەکەمجار نووسینگەى کاروبارى پەنابەرانی فەلەستین لە عێراق دەکرێتەوە

ساتی کردنەوەی نووسینگەکە.
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بۆ یەکەمجار نووسینگەیەکى تایبەت بە کاروبارى پەنابەرانى فەلەستین دەکاتەوە کە زیاتر لە 11 هەزار کەسن. گوتەبێژى وەزارەتەکە دەڵێت: "نووسینگەکە خزمەتگوزارى یاسایی و مرۆییان پێشکێش دەکات".
 
ئەو نووسینگەیە ئەمڕۆ دووشەممە، 24ى حوزەیران لەناو یانەى حەیفا لە بەغدا کرایەوە و سەر بە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانە.
 
عەلى جیهانگیر،گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "یەکەمجارە نووسینگەیەکى لەو جۆرە بۆ بەدواداچوونى دۆخى پەنابەرانى فەلەستین لە عێراق بکرێتەوە."
 
زۆرینەى فەلەستینییەکانى بەغدا لە کۆمەڵگەى بەرلەدیاتن کە یانەى حەیفا و نووسینگەکەى تێدایە کە زیاتر لە 4500  پەنابەر دەبن.
 
عەلى جیهانگیر رایگەیاند: کارى ئەو نووسینگەیە پێشکێشکردنى خزمەتگوزارى کارگێڕى یاسایی و مرۆییە بۆ پەنابەرە فەلەستینییەکان، ئەوە جگە لە دابینکردنى مووچەى چاودێریى کۆمەڵایەتى و بەشە خۆراکى مانگانە بۆ ئەوانەى کە دەیانگرێتەوە. 
 
کۆچى فەلەستینییەکان بۆ عێراق لە ساڵى 1948 دەستیپێکردووە و  زۆرینەیان لەبەغدا و بەشێکیان لە هەرێمى کوردستانن.
 
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند: تێکڕاى ژمارەى ئەو فەلەستینییەکان لە عێراق 11 هەزار کەسن.