سکاڵا لە دژى پشکى بودجەى پارێزگایەکى عێراق تۆمار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکى عێراق سکاڵا لە دژى پشکى پارێزگاى موسەننا لە خشتەى بوجەى 2024 تۆمار دەکات. پارێزەرى دۆسیەکە دەڵێت: "سکاڵاکە پشتى بە چەند مادەیەکى دەستووری بەستووە و ئەوەى دیاریکراوە بۆ شارەکە ستەمە".
سکاڵاکە لەلایەن هادى سەلامى، ئەندامى سەربەخۆى پەرلەمانى عێراق لە پشکى پارێزگاى موسەننا لە داگەى فیدراڵى تۆمار کراوە و 23ـى حوزەیران دراوە بەو دادگەیە.
عەلى تائی، پارێزەرى دۆسیەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لە خشتەى بودجەى 2024دا بڕى 54 ملیار دینار بۆ پارێزگاى موسەننا تەرخانکراوە و بەراورد بە ناوچەکانى دیکە، ئەوە "ستەمە لەو شارە دەکرێت"، هەروەها سکاڵاکە لەسەر بنەماى چەند مادەیەکى دەستوور تۆمارکراوە.
بەگوێرەى خشتەى بودجەى گشتیى 2024، ئەو بڕە پارەیەى بۆ پارێزگاى موسەننا دیاری کراوە، 54.3 ملیار دینارە لەکاتێکدا لە خشتەى بودجەى 2023، بودجەکەى 318.5 ملیار دینار بووە، واتە 16%ـى بودجەکەی کەمکراوەتەوە.
3ـى حوزەیران، پەرلەمانى عێراق خشتەى بودجەى پەسەند کرد کە 211 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستانیش لەو ژمارەیە زیاتر لە 20 تریلیۆن دینارە.
موسەننا دووەم گەورەترین پارێزگاى عێراقە لە دواى ئەنبار، یەکەمین شارە لە رووى زۆرى رێژەى هەژاری و دووەمە لە رووى زۆرى رێژەى بێکاری.