رێکخراوى فاو: بەهۆى گۆڕانى کەشوهەوا ئاسکى ریم لە عێراق بەرەو لەنێوچوون دەچێت


رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخراوى خۆراکى جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) هۆشدارییدا لەوەى کە ئاسکى ریم لە عێراق بەرەو لەنێوچوون دەچێت.
 
رێکخراوى فاو لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە دا، ئاسکى ریم لە پڕۆژەى پاراستنى سرووشتى ساوە لە پارێزگاى موسەننا مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە بەهۆى برسێتى و تینوێتییەوە.
 
رێکخراوەکە ئاماژەى بەوە داوە، بەهۆى گۆڕانى کەشوهەواوە ئاسکى ریم لەعێراق رووبەڕووى لەنێوچوون دەبێتەوە. بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق رووبەرى پڕۆژەى پاراستنى سرووشتى ساوە، 501 دۆنمە و 360 ئاسکى جۆرى ریمى تێدایە.
 
ساڵى 2006 پڕۆژەى پاراستنى سرووشتى ساوە دروستکرا، ئەوکاتە 25 ئاسکى تێدابوو. پێشتر تورکی جەیاشی، بەڕێوەبەری پڕۆژەی پاراستنی سرووشتیی ساوە لە پارێزگای موسەننا بە رادیۆی رووداوی راگەیاندبوو: "دوای ئەوەی هەواڵەکە لە دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە و دەنگی دایەوە، سەرۆککۆمار دەستپێشخەرییەکی کرد و 100 ملیۆن دیناری بۆ پڕۆژەی پاراستنی سرووشتی ساوە تەرخان کرد. هەر دوای ئەوەی پارەکەمان بە دەست گەیشت دەستمان کرد بە دانانی ئالیک بۆ ئاژەڵەکان."
 
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە ئاماژەی بەوە دا، مرداربوونەوەی ئەو ئاسکانە بەهۆی کەمبارانی و نەبارینی بارانەوە بووە کە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر پاوان و ئاوی ناوچەکە کردووە و لەوەڕیان کەم بووەتەوە.
 
لەو ناوچە پارێزراوەدا 148 سەر ئاسک هەبوون کە ئێستا 60ـیان مردار بوونەتەوە. ناوچە پارێزراوەکە تەنیا ئاسکی تێدایە.
 
تورکی جەیاشی گوتی: "ئێمە پێویستمان بەوەیە کارەبامان بۆ رابکێشرێت کە نزیکەی 70 ملیۆن دیناری تێدەچێت. هەروەها پێویستیشمان بە ماتۆڕی ئاوی تایبەتە کە تێچووەکەیان نزیکەی 45 ملیۆن دینارە."