حیزبى شیوعى عێراق بۆ پەرلەمان: جەژنى کۆماریی بگەڕێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
لابردنى "جەژنى کۆماریى عێراق" لە لیستى پشووە فەرمییەکان، حیزبى شیوعی عێراقى نیگەران کردووە. سکرتێرى ئەو پارتە دەڵێت، "لابردنى مێژووى دەیان ساڵەى خەباتى سڕیوەتەوە و داوا لە پەرلەمان دەکەین بیخاتەوە ناو پشووەکان".
22ى ئایار، پەرلەمانى عێراق یاساى پشووە فەرمییەکانى پەسند کرد، نۆ رۆژیان بۆ سەرانسەرى عێراقە، بەڵام 14ى تەممووزى تێدا دانەنرایەوە، کە پێشتر وەک یادى دامەزاندنى کۆمارى عێراق پشوو بوو.
رائید فەهمى، سکرتێرى حیزبى شیوعى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "لابردنى ئەو پشووە، سڕینەوەى چەند دەیەیەکى خەباتى سیاسییە کە زۆربەى رەوتەکان تێیدا بەشدار بوون، شیاو نییە عێراق سیستمى کۆماریى بێت و رۆژێک نەبێت بۆ یادى دروستکردنى".
14ى تەممووزى 1958، سیستمى پادشایی لە عێراق گۆڕدرا بە کۆماری، ئەو گۆڕانکارییە لە رێگەى کودەتایەکى سەربازییەوە بوو کە بکەرانى بە "شۆڕش" وەسفیان کرد، لەو کاتەوە هەموو ساڵێک ئەو رۆژە پشووى فەرمى بووە.
سکرتێرى حیزبى شیوعى عێراق رایگەیاند، "داوا لە پەرمان دەکەین ئەو رۆژە بۆ لیستى پشووەکان زیاد بکاتەوە، ئەگەر ئەوە نەکرا رێکارى دیکە دەگرینەبەر و راوێژ دەکەین بۆ ئەوەى بزانین دەتوانین لە رێگەى دادگەى فیدراڵییەوە سکاڵا بکەین بۆ گەڕاندنەوەى یان نا".
جگە لە جەژنى دامەزراندنى کۆماریى عێراق، یاساى پشووە فەرمییەکان سێ پشووى دیکەى هەڵوەشاندەوە و دووى دیکەى زیاد کرد.