گەشتیارێک لە بەسرە یەک کیلۆ حەشیش لە پێڵاوەکانیدا دەشارێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

گەشتیارێکى بیانى لە یەکێک لە دەروازە سنوورییەکانى پارێزگاى بەسرە دەستگیرکرا، کە کیلۆیەک حەشیشی لە پێڵاوەکانیدا شاردبووەوە، بۆ ئەوەى بیباتە سنوورى عێراقەوە.

دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى ئەو گەشتیارەى راگەیاندووە کە لە دەروازەى شەلامچە لە سنوورى پارێزگاى بەسرەوە ویستوویەتى ئەو بڕە ماددە هۆشبەرە بە قاچاخ بباتە سنوورى عێراقەوە.
 
دەروازەى سنووریى شەلامچە هاوسنوورى پارێزگاى خوزستانى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانە. تۆمەتبارەکە لەدواى دەستگیرکردنى رەوانەى بەردەم دادوەرى لێکۆڵینەوە کراوە.
 
رۆژی 21ـى شوباتى 2023، بیلال سوبحى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بنەبڕکردنى ماددە هۆشبەرەکانى عێراق بە رووداوى راگەیاند، "پارێزگاکانى ئەنبار و میسان و بەسرە، رێگەى سەرەکیى هێنانە ناوەوەى ماددەى هۆشبەرن بۆ عێراق."