سکاڵاى هەڵوەشاندنەوەى دوو وەزارەتى هەرێمى کوردستان دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق تاوتوێکردنى دوو سکاڵا دوا دەخات کە بۆ هەڵوەشاندنەوەى هەردوو وەزارەتى شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان و ئەوقاف و کاروبارى ئایینى پێشکێشى کرابوون. بەرپرسێکى پەرلەمانى کوردستان دەڵێت: "دواخستنەکە لەسەر داواى ئێمە بووە."
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ى کانوونى یەکەمى 2024، یەکەم دانیشتنى دادگە بوو لەسەر ئەو دوو سکاڵایەکە لەلایەن کەسێکەوە بەناوى خالید مستەفا حوسێن تۆمارکراون.
شەرمین بەهجەت، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "دادگە بڕیاریدا دانیشتنەکە بۆ 28ى کانوونى دووەمى 2025 دوا بخات."
لە یەکێک لە سکاڵاکاندا داواکراوە وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى هەڵبوەشێندرێتەوە، بەو پێیەى دژى پێنج مادەى دەستوورى عێراقە و لە برى ئەو وەزارەتە، وەقف بۆ پێکهاتەکان دروست بکرێن کە لە رووى کارگێڕی و داراییەوە سەربەخۆ بن و ببەسترێنەوە بە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە.
یاساى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینیى هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2007 لە پەرلەمانى کوردستان دەرکراوە، سکاڵاکار داوا دەکات ئەو یاسایە بە نادەستوورى هەژمار بکرێت، پەرلەمان ناچار بکرێت دیوان بۆ ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان پێکبهێنێت و ببەسترێنەوە بە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە.
بەگوێرەى بڕگەکانى یەکەم و سێیەمى مادەى 103ی دەستوور، وەقفەکان دەستەى سەربەخۆن لە رووى دارایی و کارگێڕییەوە و دەبێت ببەسترێنەوە بە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە.
سکاڵاکەى دیکە داوا دەکات دادگەى باڵاى فیدراڵى وەزارەتى شەهیدان و کاروبارى ئەنفالکراوانى هەرێمى کوردستان بە نادەستوورى بزانێت کە بە گوێرەى یاسای ژمارە 8ى ساڵى 2006 پێکهێنراوە. پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستان ناچار بکرێن دەستەیەک بە ناوى دامەزراوەى شەهیدان پێکبهێنن کە سەر بە ئەنجوومەنى وەزیران بێت و لە رووى دارایی و کارگێڕییەوە سەربەخۆ بێت و یاسایەکى بۆ دەربکرێت.
بەگوێرەى سکاڵانامەکە کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، سکاڵاکار پشتی بە سێ مادەى دەستوورى عێراق بەستووە، لەوانە: مادەى 104 کە باس لەوە دەکات دەستەیەک بە ناوى دامەزراوەى شەهیدان پێکبهێنرێت و دەستەکە بەسترابێتەوە بە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە.
لەو سکاڵایەدا داوا کراوە کە وشەى "ئەنفالکراوان" لەو دەستەیە یان وەزارەتەکەى ئێستا لابدرێت، بەوپێیەى بەگوێرەى سکاڵاکە "وشەکە لە قورئاندا هاتووە و پێچەوانەى حوکمەکانى ئایینى ئیسلامە."
بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان گوتى: "دواخستنى دانیشتنەکە لەسەر داواى پەرلەمانى کوردستان بووە، بەڵام دیار نییە بۆ دانیشتنى داهاتوو نوێنەرانمان بەشدار دەبن یان نا."