سەدان سەربازی سووریایی لە عێراقەوە نەگەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و دەبرێنە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
سەدان سەرباز و پلەدارى سوپاى سووریا کە ئامادە نەبوون بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، گوێزراونەتەوە بۆ بەغدا. سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار دەڵێت "هەندێکیان ترسیان لە گەڕانەوە هەیە."
سەعد محەممەدى، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار ئەمڕۆ بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو سەباز و پلەدارانەى سوپاى سووریا کە ئامادە نەبوون بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، لە خێوەتگەى سەبازیى پێشوویان لە ئەنبارەوە گوێزراونەتەوە بۆ بەغدا.
7ـی کانوونى یەکەم و رۆژێک بەر لە رووخانى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، زیاتر لە دوو هەزار و 490 کەس، سەرباز و ئەفسەرى سوپاى ئەو وڵاتە لەگەڵ ژمارەیەک کارمەند و پاسەوانى دەروازەى سنووریى ئەلبوکەمالى سووریا، پەنایان بۆ عێراق برد.
19ـی کانوونى یەکەم، 1905 سەرباز و ئەفسەر لەگەڵ 36 فەرمانبەرى سڤیل لە رێگەى دەروازەى قائیمى عێراقەوە لەسەر داواى خۆیان گەڕانەوە وڵاتەکەیان، بەوپێیە زیاتر لە 540 سەرباز و پلەدارى سوپا ماون کە نەگەڕاونەتەوە.
سەعد محەممەدى گوتى "هەندێکیان لە گەڕانەوە بۆ سووریا دەترسن، بەتایبەت ئەوانەى پلەدارى سەربازی و هەواڵگریى سوپا بوون."
ئەو سەربازانە لە خێوەتگەیەکى سەربازیى پارێزگەى ئەنبار جێگیر کرابوون و، 17ـی کانوونى یەکەم ژمارەیەکیان خۆپێشاندانیان کرد بۆ ئەوەى بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، کە بڕیارى لێبووردنى گشتییان بۆ دەرکراوە.
گەڕانەوەى سەربازان بەبێ ئەو چەکانە بووە کە پێشتر لەگەڵ خۆیان بردوویانەتە سنوورى عێراق. بەگوتەى شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق "ئەو چەکانەى پێیان بووە، لە وەزارەتى بەرگریى عێراقە و هەرکات حکومەتى نوێی سووریا پێکهێنرا، چەکەکانیان رادەست دەکەنەوە."