کەشناسیی عێراق: لە پێنج پارێزگا لافاو روودەدات


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرى راگەیاندنى دەستەى کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ئاشکرایکرد، رۆژی هەینی شەپۆلێکى بارانبارین عێراق دەگرێتەوە و لە پێنج پارێزگا لافاو روودەدات. 
 
عامر جابرى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى دەستەى کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لە پاشنیوەڕۆى هەینی 23ى کانوونى یەکەمی 2022ـەوە، شەپۆلێکى بارانبارین عێراق دەگرێتەوە و بارانى بەلێزمە لە زۆربەى ناوچەکانى پارێزگاکانى رۆژهەڵاتى عێراق دەبارێت و لافاو لە پارێزگاکانى دیالە، میسان، واست، بەسرە و سەماوە دروست دەبێت.
 
عامر جابرى رایگەیاند: "ئەو شەپۆلى بارانبارینە بەهۆى دوو نزمە پاڵەپەستۆوەیە، کە لە دەریاى سوور و دەریاى سپى ناوەڕاستەوە لە 21ى کانوونى یەکەمەوە عێراقى گرتووەتەوە و یەکیانگرتووە." 
 
بەگوتەی عامر جابری، دەزگا پەیوەندارەکان ئاگادارکراونەتەوە لە ئەگەری روودانى لافاو تاوەکو رێوشوێنى خۆپارێزى بگرنەبەر.
 
لە کۆتایی مانگى تشرینى دووەمى رابردوو، یەکەم شەپۆلى بارانبارینى بە لێزمە عێراق و هەرێمى کوردستانى گرتەوە و لە هەندێک ناوچە لافاو روویدا.