لیژنەیەک بۆ چارەسەرى کێشەى کۆڕەک پێکدەهێندرێت و لەگەڵ دەستەى راگەیاندن کۆدەبنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەیەکى سێ کەسی پەرلەمان سەرپەرشتى گفتوگۆى نێوان کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکان دەکات کە بڕیارە هەفتەى داهاتوو دەست بەکۆبوونەوە بکەن. لیژنەى گواستنەوە و پەیوەندییەکانى پەرلەمان داوا لە وەزارەتى گواستنەوە دەکات رێکارەکانى دژ بە کۆڕەک رابگیرێن. 
 
بەگوێرەى نووسراوێکى زوهرە بوجارى، سەرۆکى لیژنەى  گواستنەوە و پەیوەندییەکانى پەرلەمانى عێراق کە ئاراستەی وەزارەتى پەیوەندییەکانى کردووە، نێوەڕۆکى راسپاردەکانى کۆبوونەوەیەکى لیژنەکەى پێراگەیاندوون کە  لە 13ـى تشرینى دووەمى 2023، لەگەڵ نوێنەرانى کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکان ئەنجامیان داوە.
 
بەگوێرەى راسپاردەکان کە لە 21ـى تشرینى یەکەم ئاراستەى وەزارەتى پەیوەندییەکان کراوە، داواکراوە کە ئەو وەزارەتە سەرجەم رێکارەکان بەرامبەر بە کۆڕەک تیکیلکۆم رابگرێت، لەوانە پچڕاندنى پەیوەندى نێوان ئەو کۆمپانیایە و کۆمپانیاکانى دیکەى پەیوەندى لەگەڵ پەیوەندى نێودەوڵەتى، تاوەکو لە 15 رۆژ لە دواى واژۆکردنى کۆنووسەکە لە لیژنەکەى پەرلەمان، کۆڕەک تیلیکۆم ئەو پارەیە بدات کە لە ئەستۆیدایە.
 
22-10-2023، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق راگەیێیندراوێکی لەبارەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمەوە بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "بە پشتبەستن بەو بڕیارانەی کە لە دادگە تایبەتمەندەکان دەرچووە، لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن و ئەو بڕە پارەی لەسەر کۆمپانیاکە هەیە و تاوەکو ئێستا نەدراوە، دەستەکە فەرمانیدا بە راگرتنی کڕین و مامەڵەکردنی سیمکارتی نوێی تایبەت بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم و دواى 10 رۆژ لەو راگەیاندنەش پەیوەندییەکان لە نێوان کۆمپانیاکە و کۆمپانیاکانی دیکەی مۆبایل راگیرا. 
 
23ـى تشرینى دووەمى 2023، کاروان یاروەیس، ئەندامى لیژنەى گواستنەوە و پەیوەندییەکانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لیژنەیەکى سێ کەسی لە ئەندامانى لیژنەى گواستنەوە و پەیوەندییەکان پێکهێنراوە بۆ سەرپەرشتیکردنى کۆبوونەوەى نێوان کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکان کە وەک لە راسپاردەکەى لیژنەکەیدا هاتووە. 
 
کاروان یاروەیس ئاماژەى بەوەشدا کە یەکێک لە چارەسەرەکان ئەوەیە کە ئەو پارەیەى لە ئەستۆى کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆمە بەشێوەى قیست بدرێتەوە. بەگوێرەى دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى پەرلەمانى عێراق، بڕى ئەو قەرزەى لەسەر کۆمپانیاى کۆرەک تیلیکۆمە 800 ملیۆن دۆلارە. 
 
ئەو لیژنەیەى کە پێکهێندراوە بۆ سەرپەرشتیکردنى کۆوبونەوەى نێوان کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکان پێکهاتوون لە ئیبراهیم میرانى،  عەقیل فەتلاوى، غەسان عیدانى کە ئەندامى لیژنەکى گواستنەوە و پەیوەندییەکانى پەرلەمانن.
 
کاروان یاروەیس گوتى، " بڕیارە هەفتەى داهاتوو کۆبوونەوەکانى نێوان کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکان دەستپێبکەن."