وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بۆ رووداو: گۆڕانی باڵیۆز لە عێراق رێکارێکی رۆتینییە

 
رووداو دیجیتاڵ

عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە قوبرس دەبێتە باڵیۆزی نوێی ئەو وڵاتە لە عێراق و شوێنی ستیڤن هیچن دەگرێتەوە. وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بە رووداوی راگەیاند، ئەوەی روودەدات "گۆڕانکارییەکی رۆتینییە."
 
لە وەڵامی ئیمەیڵێکی دێسکی ئینگلیزیی تۆڕی میدیایی رووداودا لەبارەی ئەو گۆڕانکارییە، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، "عیرفان سدیق بووەتە باڵیۆزی بەریتانیا لە کۆماری عێراق و جێگەی ستیڤن هیچن دەگرێتەوە. ئەمەش گۆڕانکارییەکی رۆتینییە."
 
دوای ئەو بڕیارە، عیرفان سدیق لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "خۆشحاڵم بەوەی دەگەڕێمەوە ئەو وڵاتەی کاریگەرییەکی زۆری لە ساڵانی سەرەتای دەستبەکاربوونم وەکو دیپلۆمات هەبوو و شوێنێکی تایبەتیشی لە دڵمدا هەیە."
 
عیرفان سدیق لە ساڵی 2010 بۆ 2011 جێگری باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بە رووداو دەڵێت، "بەریتانیا پابەندە بە هاوکاریکردنی عێراق بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی و بەردەوامیش پاڵنەر دەبین بۆ هەبوونی عێراقێکی بەهێز، سەقامگیر و یەکگرتوو؛ عێراقێک بتوانێت نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بکات."
 
ستیڤن هیچن لە حوزەیرانی 2023ەوە باڵیۆزی بەریتانیایە لە عێراق و بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، ئەو دیپلۆماتە پۆستێکی دیکەی پێدەدرێت و عیرفان سدیقیش ئاداری داهاتوو دەست بە ئەرکە نوێیەکەی دەکات.