دوو تێبینى لەبارەی هەموارى یاساى بارى کەسیی عێراق دەدرێتە لیژنەى یاسایى پەرلەمان
رووداو دیجیتاڵ
دوو تێبینى لەبارەى هەموارى یاساى بارى کەسی دەدرێتە لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق. تێبینییەکان تایبەتن بە تۆمارى وەقفەکانى سوننە و شیعە بۆ هاوسەرگیری و جێبەجێکردنى یاساکە بەسەر ئەو گرێبەستانەى هاوسەرگیریى کە پێشتر کراون.
لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق ئەو تێبینییانە کۆدەکاتەوە کە لەبارەى هەموارى یاساى بارى کەسی پێشکێش کراون، بەر لەوەى دەنگی لەسەر بدرێت.
دووشەممە 23-09-2024 دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، سەرەکیترین تێبینى لەسەر ئەو هەموارە کە دراوە لیژنەکەیان تایبەتن بەوەى یاساکە بەسەر ئەو گرێبەستانەى هاوسەرگیریدا جێبەجێ نەکرێت، کە پێشتر کراون؛ لەگەڵ ناڕوونى تۆمارى وەقفى سوننە و شیعە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گرێبەستى هاوسەرگیرییانەى پێش پەسەندکردنى هەموارەکە کراون.
بەپێی هەموارى یاساى بارى کەسى کە ئێستا لە پەرلەمانى عێراقە، لە گرێبەستى هاوسەرگیرى مەزهەب دیاری دەکرێت، پەڕاوى حوکمەکانی باری کەسی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و ئەو مەرجەش ناهێڵرێت کە یاسا دیاریکردووە بۆ ئەوەى تەمەنى هاوسەرگیرى لە دادگەکان 18 ساڵ بێت.
دارا سێکانیانى ئاماژەى بەوەدا، بەشێک لە پەرلەمانتاران لەکاتى گفتوگۆى خوێندنەوەى دووەمى پڕۆژەیاساکە جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە بەر لە دەنگدان لەسەر هەموارەکە، تۆمارى هەردوو وەقفى سوننە و شیعەیان لە بەردەست بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گرێبەستەکانى هاوسەرگیرى بەگوێرەى ئە هەموارە بۆ ئەوەى پرسەکە روونبێت لەلایان.
ئەو تۆمارەى کە پەرلەمانتاران داوایان کردووە هێشتا نەنوسراوەتەوە. بەگوێرەى پڕۆژەیاساکە، دەبێت شەش مانگ دوای پەسەندکردنی هەموارى یاساکە هەردوو وەقفى سوننەو شیعە بە هاوکارى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، تۆمارى حوکمە شەرعییەکان بۆ پرسەکانى تایبەت بە بارى کەسی دابنێن و بیدەنە پەرلەمان بۆ ئەوەى پەسندى بکات.
ئەو تۆمارە بۆ هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە جیاوازە، کە تێیدا پرسەکانى پەیوەندار بە بارى کەسی رێکدەخەن، ئەگەر راوێژى نێو ئەو دوو وەقفە لەسەرى رێکنەکەوتن پرسەکە بۆ شیعە دەگەڕێندرێتەوە بۆ مەرجەعیەت لە نەجەف، بۆ سوننەش دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەنجوومەنى زانسی و فتوای وەقفەکە.
22ى ئەیلوول ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق رایگەیاند، هەموارى یاساکە پەیوەیست نییە بە حوکمى لەپێشینەى تایبەت بە بارى خێزان لە هاوسەرگیريی و تەڵاق و دایەنیکردن و نەفەقە، بەڵکو ئەو پرسانەى رەوانەى تۆمارى حوکمى شەرعی دەکرێت کە دواتر لەلایەن ئەنجوومەنى زانستى دیوانى وەقفى شیعە و ئەنجوومەنى زانایان و فەتواى وەقفى سوننە دادەنرێت بە هاوئاهەنگى لەگەڵ ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، تاوەکو لە ماوەى شەش مانگ لە کارابوونى یاساکە، بدرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەى رەزامەندى لەسەر بدرێت.
هەموارى یاسای بارى کەسى،16 ى ئەیلوول لە پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى دووەمى بۆ کراوە و دەنگدان لەسەری ماوە.