5000 بەربژێر ناویان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان تۆمارکردووە

 رووداو دیجیتاڵ

5000 بەربژێر داواکاریان پێشکێشی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکان کە 64ـیان بەربژێرى سەربەخۆن.
 
رۆژی 23ـی ئابى 2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، تاوەکو داخستنى دەرگاى پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، زیاتر لە 5000 بەربژێر ناوى خۆیان پێشکێش کردووە و ئەو ژمارەیە لە گۆڕانکاریدا دەبێت بەهۆى ئەوەى هەندێکیان بەڵگەنامەکانیان کێشەى تێدایە و دەبێت تاوەکو 29ـی ئاب پێشکێشى بکەن، ئەوکاتە ژمارەکە بە تەواوەتى یەکلادەبێتەوە.
 
عەیماد جەمیل گوتى "لەو ژمارەیە 64 کەسیان وەک بەربژێرى سەربەخۆ ناوى خۆیان تۆمارکردووە".    
 
رۆژی 12ـی ئابى 2023 دوایین وادەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بوو بۆ پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، کە بڕیارە لە 18ـی کانوونى یەکەمى ئەمساڵ، بکرێت.
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئاماژەى بەوەدا، دەست بە وردبینی لە ناوى بەربژێران دەکەن تاوەکو سەرەتاى مانگى ئەیلوول. لەدواى پەسندکردنى ناوى بەربژێران، تیروپشکى ژمارەى لیست و هاوپەیمانیێتییەکان و بەربژێرانى سەربەخۆ رادەکێشرێت.
 
ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بە تێکڕا 350 ئەندامیان دەبێت، کە 10ـیان کۆتاى پێکهاتەکانن و 75ـیان کۆتایى ژنانن.