ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گۆڕانکاری لەو تاوانانەدا دەکات کە لێبووردن نایانگرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پڕۆژەیاسای هەموارى یاساى لێبووردنى گشتى رەوانەى پەرلەمان کرد، تێیدا گۆڕانکارى لەو تاوانانەدا کراوە کە لێبووردن نایانگرێتەوە، لەوانەش ئەوانەى ناویان لە تۆمارى گرووپە تیرۆریستییەکاندا هەیە.
 
پڕۆژەیاساى هەموارى یاسای لێبووردنى گشتى، لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە رەوانەى پەرلەمان کراوە و لە یەک مادە پێکهاتووە، هەمووارەکە لە بڕگەى دووەمى مادەى چوارى یاساکەدایە.
 
یادگار مەحموود، ئەندامى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پڕۆژەیاساى هەموارى یاسای لێبووردنى گشتى، گەیشتووەتە پەرلەمان و خوێندنەوەى یەکەمى بۆ دەکرێت بۆ ئەوەى بنێردرێت بۆ لیژنەی یاسایی.
 
بەگوێرەى هەموارەکە ئەو تاوانانە بەرفراوانتر دەکرێن کە یاسای لێبووردنى گشتى نایانگرێتەوە، کە تایبەتە بە تاوانى پەیوەندیبوون بە گرووپە تیرۆریستییەکان و هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە کاریان لەگەڵ ئەو رێکخراوانە کردووە و چەکداریان بۆ کۆکردوونەتەوە، یان تاوانیان کردووە یان بە هەر جۆرێک، هاوکاریی گرووپەکانیان کردووە لە ئەنجامدانى کارى تیرۆریستى، یان ناویان لە تۆمارى گرووپە تیرۆریستییەکاندا هەبووبێت.
 
یادگار مەحموود گوتیشى "ئەو هەمووارە داواکارى سوننەکانە و لەکاتى گفتوگۆدا ئەگەر هەیە دەستەواژە و بڕگەى دیکەى بۆ زیاد بکرێت، چونکە سوننەکان پێیانوایە کەسانێکى سەر بەو پێکھاتەیە، تەنیا لەسەر بنەماى زانیاریی هەواڵدەرێک سزادراون و دەبێت ئەوە بگۆڕێت بۆ پێشکێشکردنى بەڵگە."
 
یاسایى لێبووردنى گشتى ساڵى 2016 دەرکراوە و لە 16 مادە پێکهاتووە، تایبەتە بە ئازادکردنى کەسانێک لە زیندان بە مەرجێک تاوانی گەورەیان نەکردبێت.
 
لە کارنامەى حکومەتەکەى محەممەد شیاع سوودانى کە لە 27ـی تشرینى یەکەم لە پەرمان دەنگى پێدرا، ئاماژە بەوەدراوە؛ پێداچوونەوە بە یاساى لێبووردنى گشتى دەکرێت، بەشێوەیەک پێداچوونەوەکە پێناسەى تاوانى پەیوەستبوون بە گرووپە تیرۆریستییەکان بگرێتەوە.