لێکۆڵینەوە لە هەڕەشەکردن لە دادگەى فیدراڵیى عێراق دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
دادگەى لێکۆڵینەوەى یەکەمى کەرخ لە بەغدا دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد لەبارەى هەڕەشەکردن لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، لەپاش ئەوەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى رایگەیاند، بە نامەى تەلەفۆن هەڕەشە لەو دادگەیە کراوە.
رۆژی 23ى ئابى 2022، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دەستیان بە گرتنەبەرى رێوشوێن کردووە لەبارەى هەڕەشەکردن لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، "دادگەى لێکۆڵینەوەى یەکەمى کەرخ لە بەغدا دەستیکردووە بە کۆکردنەوەى بەڵگە لەبارەى تاوانى هەڕەشەکردن لە دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق و گرتنەبەرى رێوشوێنى یاسایى بەرامبەر هەڕەشەکاران."
ئەوەش لەپاش ئەوە دێت کە بەیانى ئەمڕۆ 23ى ئاب، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و دادگەى باڵاى فیدراڵى بڕیاریاندا سەرجەم کارەکانیان و دادگە پەیوەندیدارەکانیان رابگرن بەهۆى مانگرتنى لایەنگرانى رەوتى سەدر لەبەردەم بارەگاى ئەو ئەنجوومەنە. ئۆباڵى ئەنجامەکانى ئەو دۆخەش دەخاتە ئەستۆى حکومەت و ئەو لایەنە سیاسیەى کە لەپشت مانگرتنەکەوەیە.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى پێشووى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق، بە نامەى تەلەفۆنى هەڕەشە لە دادگەى باڵاى فیدراڵى کراوە.
بەیانیى ئەمڕۆ 23ى ئابى 2022، لایەنگرانى رەوتى سەدر مانگرتنیان بردە بەردەم بارەگاى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و داوا دەکەن پەرلەمانى عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە.