پۆلیسی نەجەف لەبارەی دۆخی ئاسایشی شارەکە و هەوڵی کودەتا روونکردنەوە دەدات
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای نەجەف رەتیدەکاتەوە شەوی رابردوو دۆخی ئاسایشی شارەکە نائاسایی بووبێت.
شەوی رابردوو لە هەندێک پەیج و میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە دۆخی ئاسایشی نەجەف جێگیر نییە و گرووپی چەکداری بڵاوبوونەتەوە و دەیانەوێت کودەتا بکەن و مەرجەعە باڵاکانی شیعە گوێزراونەتەوە شوێنی دیکە و سەلامەت.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە 23-7-2022، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای نەجەف روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "جارێکی دیکە هەندێک پەیجی بەکرێگیراو، راگەیاندنی نادروست و پەیجی ساختە، خەڵکی بەلاڕێدا دەبەن و ئاسایشی پارێزگای نەجەف لە رێگەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاستەوە تێکدەدەن."
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای نەجەف دەڵێت: "دەمانەوێت بۆ هەموولایەکی روون بکەینەوە کە ئەو پروپاگەندانەی بڵاودەکرێنەوە بۆ تێکدانی دۆخی ئاسایش و دروستکردنی ترس و دڵەراوكێن لە نێو خەڵکدا و دوورن لە راستییەوە. داوا لە هەمووان دەکەین هۆشیاربن؛ ئەو هەواڵانە لە پەیجی ساختەوە نەگوازنەوە، بەڵکو زانیاری و هەواڵەکان لە سەرچاوەی راست و دروست وەربگرن."