هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دواخرا

رووداو- بەغدا

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 23.7.2014، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دەستی پێکرد. دوای چەند خولەکێک، بە زۆرینەی دەنگ پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دواخرا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو ژمارەی پاڵێوراوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لە 103 پاڵێوراوەوە بۆ 25 پاڵێوراو کەمبووەتەوە، ئەو کەمبوونەوەیەش بەهۆکاری جیاواز بووە.

سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد "سەرەتا ژمارەیەکی زۆری داواکاری پێشکەشکران بۆ خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکایەتی کۆمار و لەگەڵ دوا وادەی پێشکەشکردنی دواکاری بۆ ئەو پۆستە، ژمارەی ئەو کەسانەی خۆیان بۆ پۆستەکە پاڵاوتبوو گەیشتە 103 کەس".

پێشتر تارق حەرب، شارەزای بواری یاسا، رایگەیاند، کە رێوشوێنی یاسایی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار تەواو نەکراون، لەبەر ئەوە بە دووری زانی رۆژی چوارشەممە 23.7.2014 بتوانرێت سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت و دەڵێت "دەکەوێتە مانگی ئاب".