لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 5544 ئاگر لە عێراق کەوتوونەتەوە

میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق. وێنە: زیاد ئیسماعیل - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەڵێت، ئاگرکەوتنەوە بەراورد بە ساڵى رابردوو 44% کەمیکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە پێنج مانگى سەرەتای ئەم ساڵدا زیاتر لە 82 ملیار دینار لە سووتان پارێزراوە.
 
میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا ئامارى ئاگرکەوتنەوە و چالاکییەکانى بەرگریى شارستانیی عێراقی لە پێنج مانگى سەرەتاى ئەم ساڵ خستەڕوو.
 
لەو پێنج مانگەدا پێنج هەزار و 544 ئاگرکەوتنەوە هەبوون. میقداد میرى گوتى: "بەراورد بە هەمان ماوەى ساڵى رابردوو، ئاگرکەوتنەوە 44% کەمیکردووە".
 
لە 1ی کانوونى دووەمى 2023وە تاوەکو 1ی حوزەیرانى هەمان ساڵ 10 هەزار و 16 رووداوى ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون.
 
گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق گوتی، لە پێنج مانگى سەرەتاى ئەم ساڵ تیمەکانى بەرگریى شارستانى 165 پڕۆسەى رزگارکردنی خەڵک و پارەیان ئەنجام داوە و رێگری لە سووتانى 85 ملیار و 900 ملیۆن و 500 هەزار دینار لە رووداوی کەوتنەوەی ئاگرەکان کراوە.
 
 لەو ماوەیەدا تیمەکانى بەرگریى شارستانى 72 هەزار و 144 پشکنینیان بۆ مەرجى سەلامەتى پڕۆژەکان کردووە.
 
میقداد میرى ئاماژەى بەوەدا، هۆکارى یەکەمى ئاگرکەوتنەوەکان، شۆرتى کارەبا بووە؛ چوار هۆکارى دیکەش هەبوون کە بریتی بوون لە ئاگرکردنەوەى بە ئەنقەست، دەستکاریکردن لەلایەن منداڵەوە، جگەرە و کەمتەرخەمی.