بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی دەیانەوێت لە بودجەدا 'مەرجی قورس' بەسەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنن
رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بودجەی گشتیی عێراق نزیک دەبێتەوە لە مانگێک، بەڵام هێشتا ئاسۆی تەواوکردنی ناڕوونە.
یەکێک لە هۆکارەکان بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی داراییە کە سەر بە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگین و رێگرن لە دەنگدان بە مادەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجە لەنێو لیژنەکە، ئامانجیانە گۆڕانکاری تێدا بکەن و مەرجی قورس بسەپێنن.
دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ژمارەیەک پەرلەمانتار داوایانکردووە کە پێش ئەوەی خوێندنەوەی سێیەم و دەنگدانی بۆ بکرێت دانیشتنێک بۆ گفتوگۆکردن بکرێت، بەڵام پێموایە ئەوە زۆر ئیجابی نییە دوور نییە گرفت دروستبکات لەنێو هۆڵی پەرلەمان، چونکە بە دڵنیاییەوە خوێندنەوەی بڕگە و مادەکان بۆ جارێکی دیکە هەیە کە ئەگەر هەیە گرفت دروستبکات بە تایبەتی بۆ بەشی هەرێمی کوردستان.
لەسەر ئەو ناکۆکییانەی لە پرۆژەیاسای بودجە دروستبوون هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە لە لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت پێکهاتوون بڕیارە کۆبوونەوەیەکی تایبەت رێکبخەن و لەنێو ئەم هەفتەیە رۆژێک دیاری بکەن بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان لەنێو پەرلەمانی عێراق.
جەواد پۆڵانی، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: بودجە بەشێکە لە رێککەوتنی سیاسی، چەندین جار ئاماژەمان بۆ کردووە، برایان لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پابەندبوونیان لەسەرە، ئەو هێزانەی حکومەتیان پێکهێناوە ئەرکیانە ئەو رێککەوتنە سیاسییە بپارێزن، رێزی نێوەڕۆک و مەرجەکانی بگرن، هەموو عێراق چاوەڕێی پەسندکردنی بودجە دەکەن لە کوردستانەوە تاوەکو بەسرە.
مستەفا سەنەد کە یەکێکە لە ئەندامە ناڕەزاییەکانی لیژنەی دارایی دژی هەرێمی کوردستان لە دوایین قسەیدا رەخەنە دەگرێت و دەڵێت: پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بۆ 24 ترلیۆن دینار بەرزبووەتەوە.