تەنیا 20٪ـی پارەى عێراق لە دەستى حکومەتدایە
رووداو دیجیتاڵ
لەکۆى 84 تریلیۆن دینارى پارەى نەختینەى عێراق، تەنیا 20٪ـی لەبەردەست حکومەتدایە کە 16.8 تریلیۆن دینارە. ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لەدواى پەسندکردنى بودجە، حکومەت پێویستى زیاتری بە پارەى نەختینە دەبێت.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، 84 تریلیۆن دینارى چاپکراوى عێراقى هەیە، بەڵام تەنیا 20٪ـی ئەو بڕە پارەیە لەبەردەست وەزارەتى دارایی و بانکى ناوەندیى عێراقە.
رێوشوێنەکانى بانکى ناوەندیى عێراق بۆ رێگرى لە بەقاچاخبردنى دۆلار، وایکردووە بەدەستهێنانەوەى دینار، کە لە رێگەى فرۆشتنى دۆلار دەستى دەکەوێت، کەمتر ببێتەوە بەتایبەت کە رۆژانە نزیکەى 200 ملیۆن دۆلارە.
بەرپرسێکى بانکى ناوەندیى عێراق کە نەیوست ناوى بڵاوبکرێتەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "زۆرینەى هاووڵاتیان پارەکەیان لەلای خۆیانە و لە بانکەکان داینانێن، هەوڵدەدەین هانیان بدەین بۆ ئەوەى ئەو کارە بکەن و مامەڵە بە کارتى ئەلیکترۆنیی کڕین و فرۆشتنەوە بکەن."
یەدەگى بانکى ناوەندیى عێراق زیاتر لە 100 ملیار دۆلارە، کە سەرچاوەکەى داهاتى فرۆشى نەوتە، وەزارەتى دارایی بۆ بەدەستخستنى پارەى نەختینەى عێراق، داوا لە بانکى ناوەندى دەکات لە رێگەى فرۆشتنى دۆلارەوە بۆى دەستبەر بکات.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: کەمیی پارەى نەختینەیی عێراق لەلاى حکومەت، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە هاووڵاتییان پارە لە بانکەکان دانانێن و زیاتر لە ماڵەوە هەڵیدەگرن."
بڕى 20٪ـی تێکڕاى پارەى چاپکراوى عێراقى، کە لەلاى حکومەتە دەکاتە 16.8 تریلیۆن دینار، لەکاتێکدا بەگوێرەى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى، ئەگەر بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، مانگانە پێویستى بە 16.5 تریلیۆن دینار دەبێت.
جەمال کۆچەر گوتى: "ئەگەر بودجە پەسند بکرێت، حکومەت پێویستى بە گوژمەى زیاترى پارە دەبێت بۆ مووچە و پڕۆژەکان، بانکى ناوەندى دەسەڵاتى چاپکردنەوەى پارەی هەیە، بەڵام ئەو هەنگاوە هەڵاوسان دروست دەکات."
پێشتر لە 31ـی ئادارى 2023 د. عەممار حەمەد خەڵەف، جێگرى پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاندبوو "رێوشوێنەکانى گرێبەستى چاپکردنى 20 هەزار دینارى لەلایەن بانکى ناوەندییەوە بەردەوامە کە لە دەرەوەى عێراق دەکرێت و کۆتایی ساڵى 2023 یان سەرەتاى ساڵى داهاتوو ئەو پارەیە دەخرێتە بازاڕەوە بۆ ئاسانکارى مامەڵەى دینار لە بازاڕدا".
ئەو هەنگاوەى بانکى ناوەندیى عێراق لەکاتێکدایە بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى پلاندانانى عێراق، رێژەى هەڵاوسان بۆ %7.2 بەرزبووەتەوە.