بەرپرسێکی پارێزگای دیالە چەند کاژێرێک دوای دەستبەکاربوونی دەکوژرێت

رووداو - دیالە

سەرچاوەیەکی پۆلیس لە پارێزگای دیالە کوژرانی راوێژکارێکی پارێزگاری دیالە لە هێرشی ژمارەیەک چەکداری نەناسراو لە ناوەڕاستی بەعقوبە رادەگەیەنێت، ئاماژە بەوەش دەدات کوژرانی ئەو راوێژکارە دوای چەند کاژێرێک دێت لە دەستبەکاربوونی.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی دیالە ئەمڕۆ دووشەممە 23ی ئاداری 2015 رایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ چەند چەکدارێکی نەناسراو هێرشیان کردە سەر حارس جەنابی، راوێژکاری نوێی پارێزگاری دیالە و کەسێکی یاوەری لە ناوچەی قەنتەرە خەلیل پاشا لە ناوەڕاستی بەعقوبە، لە ئەنجامدا هەردووکیان کوژران".

سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەدات، کوژرانی حارس جەنابی، دوای چەند کاژێرێک دێت لە دەستبەکاربوونی وەکو راوێژکاری پارێزگاری دیالە.

بەعقوبە ناوەندی پارێزگای دیالە، دوای گرتنی موسڵ و تکریت لە لایەن رێکخراوی داعشەوە لە 10ی حوزەیرانی پارساڵ دەستی بەسەردا گیراو، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبیەوە توانراوە بەشێکی زۆری ناوچەکانی کۆنترۆڵبکرێتەوە.