سەرۆکوەزیرانی عێراق: چارەسەر بۆ هەموو کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدۆزینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، بەغدا چاوەڕێی "ئاماژەی لایەنی تورکییە" بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە. دەشڵێت، چارەسەر بۆ هەموو کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدۆزنەوە.
 
محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆڕبەندی "لووتکەی جیهانیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" بەشداربوو کە بە هاوبەشی لە لایەن دامەزراوە ئەمریکییەکانی مۆنیتەر و سێمافۆر رێکخرابوو. گوتی، "عێراق هەناردەی نزیکەی 470 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لەڕێگەی بۆریی تورکیاوە لەدەستداوە، کە ئەم ژمارەیە کاریگەری دەخاتە سەر بودجە."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها رایگەیاند، "چاوەڕێی ئاماژەی لایەنی تورکی دەکەین بۆئەوەی دەست بە هەناردە بکەینەوە، چونکە وەستانی هەناردەکە پێچەوانەی رێککەوتنی ساڵی 1973ی نێوان عێراق و تورکیایە."
 
بە گوتەی سوودانی، "لایەنی تورکی روونیکردووەتەوە کە هەندێک کێشەی تەکنیکی هەن. ئێمەش چاوەڕێی پشتڕاستکردنەوەی قەبارەی کێشە تەکنیکییەکانی بۆرییەکەین."
 
لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیشەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، کێشەی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە پەیوەستە بە هەندێک "کێشەی دارایی کە پێشتر هەرێم[ی کوردستان] رووبەڕوویان بووەتەوە"، بەڵام ئەو کێشانە "دوای وەستانی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهان و هەروەها بەهۆی بەربەست و زەحمەتییەکانی نێو یاسای بودجەی 2023، بە روونی دەرکەوتوون."
 
هەروەها سوودانی باسی لەوەش کردووە، "حکومەتی فیدراڵی بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی کردووە. هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکیی عێراقە و ئەو بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی و نیشتمانییانەی بەرامبەر بە هاووڵاتییانی هەمانە، هەمان ئەو بەرپرسیارێتییەیە کە بەرامبەر هاووڵاتیانی پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاست هەمانە."
 
لە بارەی سەردانی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێـمی کورستان بۆ بەغدا و گەیشتن بە رێککەوتن بۆ ناردنی 700 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ سێ مانگ، سوودانی گوتی، "چارەسەرمان دۆزییەوە و لەدوای سەردانی شاندی هەرێمی کوردستانی عێراقمان" و گوتیشی، "ئەو چارەسەرە لە نێوخۆی عێراقەوە هات نەک دەرەوە."
 
بە گوتەی سوودانی، "لێکگەیشتن، دانوستاندن و دانپێدانان بۆ ئەم پابەندی و بەربەستە یاساییانە هەیە" و دەشڵێت، "چارەسەر بۆ هەموو کێشەکان دەدۆزینەوە."
 
لەبارەی 700 ملیار دینارەکە کە رێوشوێنی ناردنەکەی دەستپێکراوە، سوودانی دەڵێت، "دەستمان بە ناردنی پارەکە کردووە، کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، پێش کۆتایی ئەمساڵیش دەگەین بە چارەسەری دارایی زیاتر."
 
لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "هیچ قەیرانێکی سیاسی نییە، بەڵکو هەندێک کێشەی دارایی و یاسایی هەن کە لە رێگەی رێکارەکانی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە چارەسەر کران."
 
سوودانی باسی لەوەش کردووە کە "گفتوگۆ لەبارەی شایستە داراییەکانی دیکە بەردەوامە، لەوانەش گفتوگۆی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز."