لیژنەی ئارامیی سلێمانی: نابێت فەرمانگەکانی حکومەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێندرێن
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ؛ نابێت فەرمانگە حکومییەکان و موڵکی گشتی لە بەرژەوەندیی لایەنە سیاسی و بەربژێرەکاندا بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بەکاربهێندرێن.
لە راگەیێندراوێکی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 22-08-2024)ـی لیژنەکەدا چەند خاڵێک خراونەتەڕوو، کە ئاراستەی تەواوی بەربژێران و لایەنەکان کراوە بۆ جێبەجێکردن.
لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "رێنماییەکانی نێو راگەیێندراوەکە لە رێگەی لقی سلێمانی نووسینگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە دەگەیێندرێنە حیزب و بەربژێرەکان."
نێوەڕۆکی راگەیێندراوەکە:
- هەموو دامەزراوە حکومییەکان بێلایەن دەبن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان و هیچ دامەزراوە و کەلوپەل و توانستێکی مرۆیی، ماڵی، دارایی و لۆجیستی بۆ هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندیی هیچ بەربژێر، قەوارە، لیست و هاوپەیمانییەک بەکارناهێنن.
- زەوینەیەکی هاوسەنگ و هاوبەش و لەبار بۆ بەربژێر، لیست و هاوپەیمانییە بەشداربووەکان لە هەڵبژاردنەکاندا بەپێی یاساکانی کۆمیسیۆن دەڕەخسێندرێت.
- سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە هاوئاهەنگی نووسینگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن رێنوێنی پێویست بۆ دیارکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردەکان دەردەکات.
- هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و کۆبوونەوەی جەماوەری لەو شوێنانەدا ناکرێت کە هاتووچۆی گشتی تێدایە و لەلایەن هاتووچۆ و کۆمیسیۆنەوە دیاری دەکرێن.
- هیچ هەڵمەتێکی هەڵبژاردن و بانگەشە لەنێو دامودەزگەکانی حکومەتدا ناکرێن و لەکاتی دەوامی فەرمیدا هیچ کارمەندێک مافی بانگەشەی نییە.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "تۆماری دەنگدەران نوێکراوەتەوە و ملیۆنێک و 8 هەزار و 412 کارتی بایۆمەتی دەنگدان چاپکراوە بۆ دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین."
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 477 بنکەی دەنگدانی گشتی دەبن، کە 2 هەزار و 373 وێستگەیان تێدایە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان تاوەکو 19-10-2024 بەردەوام دەبێت.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، 32 بەربژێری سەربەخۆ، 6 بەربژێری تورکمان، 3 بەربژێری کریستیان، 12 حیزبی سیاسیی و دوو هاوپەیمانی کێبڕکێ لەسەر 36 کورسی گشتی و دوو کورسی کۆتای تورکمان و کریستیان دەکەن.
بڕیارە 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.