'ئەو کەسانە ئازادکران کە بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر عەین ئەسەد دەستگیرکرابوون'
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار رایگەیاند: ئەو پێنج ئەندامەى حەشدی شەعبی کە لەسەر هێرشکردنە سەر سەربازگەى عەین ئەسەد دەستگیرکرابوون "دواى لێکۆڵینەوە لەگەڵیان ئازاد کراون."
سەعد محەممەدى، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو پێنج کەسە رۆژی پێنجشەممە 22ى ئاب ئازاد کراون، سەرجەمیان خەڵکى شارى حەدیسەى ئەو پارێزگایەن.
8ى ئابی2024، هێزە ئەمنییەکانى عێراق دەستگیرکردنى ئەو پێنج کەسەیان بە تۆمەتى بەشدار بوون لەو هێرشەدا راگەیاند کە 5ى ئاب کرایە سەر سەربازگەى عەین ئەسەد لە ئەنبار و بە هۆیەوە 7 سەربازی ئەمریکی و بەڵێندەر بریندار بوون.
ئەوکات شانەى راگەیاندنى ئەمنى گوتى: "ئەو 5 کەسە بەشدار بوون لەو کارە نایاساییەدا و بە فەرمانى دادوەرى تایبەتمەند دەستگیرکراون"،بەڵام سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار دەڵێت: "لێکۆڵینەوە لەگەڵیان کراوە و بێتاوان دەرچوون لەو رووداوە".
گرووپێک بەناوی سەورییوون (شۆڕشگێڕان)، هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت، ئەو گرووپە خۆیان بە بەشێک لە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە.
بە گوتەى سەعد محەممەدى، ئەو پێنج ئەندامەى حەشدی شەعبی سوننە مەزهەبن و یەکێکیان ئەفسەرى هەواڵگرییە لە لیواى 57ى حەشدی شەعبی.