لە عێراق 76 قوتابیی شەشی ئامادەیی کۆنمرەیان 100ـە
رووداو دیجیتاڵ
76 قوتابیی شەشى ئامادەیی لە بەشى زانستى لە عێراق یەکەم بوون و کۆنمرەکانیان 100 بووە. زۆرترین رێژەی دەرچوون لە بەشی زانستی لە پەروەردەى یەکەمى کەرخ لە بەغدا بووە و لە بەشی وێژەییش لە سنووری پەروەردەى سەلاحەددین بووە.
وەزارەتى پەروەردەى عێراق ئەمڕۆ (دووشەممە، 22ـی تەممووز) ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى شەشى ئامادەیی بۆ هەردوو بەشی زانستى و وێژەیی بۆ ئەمساڵ بڵاوکردەوە.
لە بەشى زانستى، پەروەردەى یەکەمى کەرخ لە بەغدا لە ریزبەندیی یەکەمدا بووە لە ڕووى زۆریی ژمارەی دەرچوونى قوتابییەکانییەوە و پەروەردەى دووى رەسافەش لە پلەی دووەم، پەروەردەى نەجەفیش سێیەم بووە.
لە بەشى وێژەیی پەروەردەى سەلاحەددین یەکەم، پەروەردەى کەرخى یەکەم لە بەغدا دووەم و نوێنەرایەتیی خوێندنى عەرەبی پەروەردە لە هەولێر، سێیەم بووە لە رووی زۆریی ژمارەی دەرچووانەوە.
76 قوتابی شەشى ئامادەیی بەشى زانستى لەسەر ئاستى عێراق یەکەم بوون، ئەو قوتابیانە کۆنمرەکانیان 100% بووە. یەکێک لەو قوتابیانە بەناوی کاردۆ فەرحان، قوتانی خوێندنی کوردی بووە لە کەرکووک.