تەنیا %39ى ئاوارەى ناوچە کێشەلەسەرەکان قەرەبوو کراونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بیست ساڵە هاونیشتیمانیان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان چاوەڕێى یەکلاییکردنەوەى چارەنووسى ناوچەکانیانن لەنێوان هەولێر و بەغدا. هێشتا پرسەکە لەهەنگاوى یەکەمیدایە کە قەرەبووکردنەوەیە بەگوێرەى مادەى 140ى دەستوور و تەنیا %39ى ئاوارەى ناوچە جێناکۆکەکان قەرەبوو کراونەتەوە.
 
رۆژی 15ـی ئایاری 2023، قەرەبووکردنەوەى ئاوارەى ئەو ناوچانە بۆ گەڕانەوە بۆ زێدى خۆیان دەستیپێکردەوە کە لە ساڵى 2014 ـەوە راگیرابوو.
 
بەگوێرەى ئامارێک کە تۆڕی میدیایی رووداو لە لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 دەستى کەوتووە، لە هەر سێ نووسینگەى کەرکووک و خانەقین و شنگال 68,148 خێزانى ئاوارە قەرەبوو کراونەتەوە کە %39.4ى تێکڕاى مامەڵەى ئاوارەکانە، لە بەرامبەر قەرەبووکردنەوەى 15,746 خێزانی عەرەبی هاوردە لەو ناوچانە کە دەکاتە %58.5ى تێکراى مامەڵەى عەرەبە هاوردەکان.
 
ژمارەى مامەڵەى ئەو خێزانە ئاوارانەى کە لەلاى لیژنەى جێبەجێکردنى مادەى 140 ماون و قەرەبوویان وەرنەگرتووە 104,418 خێزانە، لەکاتێکدا مامەڵەى 10 هەزار و 157 خێزانى عەرەبی هاوردە ماون کە قەرەبوو بکرێنەوە بۆ ئەوەى بگەڕێنەوە ناوچەکانى پێشووى خۆیان.
 
قەرەبووى خێزانە ئاوارەکان 10 ملیۆن دینارە لەکاتێکدا عەرەبە هاوردەکان بۆ گەڕانەوە دوو هێندەیان پێدەدرێت.
 
لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراق بڕى 100 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنى مادەى 140 دانراوە، کە هەموو پارەکە دەتوانرێت 10 هەزار ئاوارەى پێ قەرەبوو بکرێتەوە. 
 
شێروان دووبەردانى، ئەندامى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، سێ جۆر ئاوارە و عەرەبی هاوردە هەیە. بێگوومان لانیکەم پێویستیی بە 200 تا 150 ملیار هەیە کە لە بودجەی 2023 هەبێت بۆ ئەوەی خەڵکی خۆمان لە موسڵ، کەرکووک یان دیالەوە قەرەبوو بکرێنەوە."
 
جێبەجێکردنى مادەى 140 لە سێ قۆناخى قەرەبووکردنەوە، ئاساییکردنەوە و راپرسی پێکدێت. 
 
جگە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان کەرکووک، نەینەوا و دیالە؛ بەشێک لە ئاوارە شیعەکانى نێوەڕاستى عێراق لێى سوودمەند بوون کە لەسەردەمى دەسەڵاتى پێشوو لە ناوچەکانیان ئاوارە کراون.  
 
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى پارێزگاى کەرکووک باس لەوە دەکات، "ناوی دوو هەزار ئاوارە چووە، تەنیا 100 چەکیان بۆ هاتووەتەوە کە دەبێت لە بەغدا خەرجبکرێن. ئاوارەی ئێمە ناتوانن سەردانی بەغدا بکەن. جاران لە کەرکووک خەرجدەکرا. ئێمە مەترسیی ئەوەمان هەیە کە ئەو پارەیە بۆ ناوچەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق خەرجبکرێت بەمەبەستی هەڵبژاردن و سیاسیی و ئەو شتانە، لەبەر ئەوە دەبێت ئێمە وەکو کورد هەوڵبدەین ئەو لیژنەیە زیاتر چالاکبکرێتەوە. 
 
کاراکردنەوەى لیژنەى جێبەجێکردنى مادەى 140 لە 28/11/2022 بەگوێرەى رێککەوتنى پێکهێنانى حکومەتى عێراق بوو کە زیاتر لە دوو ساڵ و نیوى دەسەڵاتەکەی ماوە.